ژیان لە هۆڵەندا بە مەرج ئاسایی دەکرێتەوە


رووداو - هەولێر 

هۆڵەندا هەنگاوێکی نوێی قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند و ناوی لێناوە " قەدەخەی هاتووچۆی زیرەک". رێستورانت و بار و مۆزەخانە و یانەکانی شەوان داخراون، قاوەخانەکان تەنیا بە دێلێڤیەری کاردەکەن. داوا لە خەڵک کراوە مەتر و نیوێک لە یەکدی دوور بن، بەڵام مانەوە لە ماڵەوە نەسەپێندراوە.
 
بیانکا کراگتین، فرۆشیاری پاسکیلە لە لاهای و دەڵێت، "ئێمە دەتوانین بچینە دەرەوە، هاوڕێکەم لە بەلجیکا دەبێت لە ماڵەکەی بمێنێتەوە، تەنیا دەتوانێت لە دەوروبەری ماڵەکەی پیاسە بە سەگەکەی بکات، چۆن دەبێ وابێ؟"
 
رێوشوێنەکانی قەدەخەی هاتووچۆ لە هۆڵەندا زۆر شلکراون، هەندێک کەس رەخنە دەگرن و دەڵێن، حکومەتەکەیان قومار بە ژیانیانەوە دەکات، بەڵام هەندێ کەسی دیکە دڵیان پێی خۆشە، بەتایبەتی ئەوانەی تامەزرۆی ئەوە بوون بەم بەهارە هەوایەکی پاکی گوڵوگوڵزار هەڵمژن.
 
مارژین دیکۆیجەر، کتێبفرۆشە و پێیباشە کە ئاسانکاریی لە قەدەخەی هاتووچۆ کراوە، دەڵێت "پێموایە زۆر قورسە بە درێژایی رۆژ لەماڵەوە بمێنیتەوە. من زۆر دڵخۆشم بەو دەرفەتانەی بۆمان رەخساون، هەرچەندە سنوورداریشن. دەتوانین بچینە دەرەوە و هەناسەیەی پاک بدەین، دەتوانین گفتوگۆیەک بکەین هەتا ئەگەر مەتر و نیوێکیش دووربین لە ئەوانی دیکە".
 
هۆڵەندا 11ـی ئایار قوتابخانەکانیش دەکاتەوە، وڵاتەکە ئێستا بیر لە پێشوازیکردن لە گەشتیاران ناکاتەوە، بەڵام ناشیەوێ بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە ئابوورییەکەی بەیەکجاری هەرەسبێنێت.
 
هۆڵەندا هاوشێوەی سوێد هەمان فەلسەفە بەکاردەهێنێت کە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایە بە قەدەخەی هاتووچۆی سنووردار.
 
بیرۆکەی قەدەخەی هاتووچۆی زیرەک لەلایەن مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا پێشنیاز کراوە، دەڵێت "لە هۆڵەندا ئێمە بەو شێوەیە کار ناکەین کە حکومەت بە خەڵک بڵێت ئەوە بکەن و ئەمە مەکەن". پێشنیازەکەیشی دەنگی باشی لەنێو خەڵک بەدەستهێناوە.
 
راگەیاندنی ئەو هەنگاوە نوێیەی قەدەخەی هاتووچۆ لە هۆڵەندا لەکاتێکدایە 39 هەزار و 316 کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون، چوار هەزار و 795 کەس گیانیان لەدەستداوە و دۆخی تەندروستیی 804 کەسیان ناجێگیرە.