هاکان فیدان لە ئۆکرایناوە: رووسیا ئامادەیە درێژە بە گفتوگۆکانی ئاشتی بدات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، گەیشتە ئۆکراینا و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە "رووسیا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ درێژەدان بە دانوستانەکانی ئاشتی." فیدان جەختی لەوە کردەوە تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دامەزراندنی ئاشتی لە ئۆکرانیا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشنیازێکی خستەڕوو و گوتی: "گەڕی یەکەم و دووەمی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەکرێت بە کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان ڤلادیمیر پۆتین، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی و دۆناڵد ترەمپ لە ئەستەنبوڵ و بە سەرپەرشتیی سەرۆک ئەردۆغان بەڕێوەبچن."
لەلایەن خۆیەوە، ئاندرێ سیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "ئێمە ئاگربەستێکی بێ مەرج قبوڵ دەکەین و پێویستە گوشارەکان لەسەر رووسیا زیاد بکرێن. ئێمە لەگەڵ کۆتاییهێنان بە جەنگداین."
سەردانەکەی فیدان بۆ ئۆکراینا دوای چەند رۆژێک دێت لە سەردانی بۆ رووسیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ پووتین و بەرپرسانی باڵای دیکەی مۆسکۆ. ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە رۆڵی تورکیای وەک ناوبژیوانێکی سەرەکی لە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ شەڕی رووسیا و ئۆکراینا زیاتر دەرخستووە.
پێشتر و لەکاتی گەشتنیدا بۆ کیێڤ، فیدان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندبوو کە تورکیا "ئەکتەرێکی نموونەییە" بۆ دانوستانەکانی ئاشتی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵە، و جەختی لەسەر گرنگی دۆزینەوەی شوێنێک بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆکان کردبووەوە. ئاماژەی بەوەشکردبوو کە ئاڵوگۆڕکردنی هەزار دیل لەنێوان هەردوولادا هەنگاوێکی گرنگ بووە و دواتر نووسینەوەی فەرمی هەڵوێستەکانی ئاگربەست لەلایەن هەردوو لاوە و گەیاندنی بە یەکتر بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان، هەنگاوێکی دیکەی گرنگ بووە.
فیدان لەبارەی سەردانەکەی بۆ رووسیا ئاشکرایکرد کە لایەنی تورکی جارێکی دیکە جەختی لەسەر هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ کردووەتەوە و دیدی خۆیان لەسەر رێکارە واقیعییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست خستووەتەڕوو. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە کرێملین چاوەڕوانی وەڵامێکە بۆ ئەو پێشنیازەی کە بۆ 2ی حوزەیران رایانگەیاندووە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد کە قبوڵکردنی رۆڵی ناوبژیوانی ئەمریکا لەلایەن رووسیاوە "پێشهاتێکی گرنگە" و هەروەها قبوڵکردنی میوانداریکردن و راوێژی تورکیا لەلایەن مۆسکۆوە گرنگی خۆی هەیە. فیدان جەختی لەوە کردەوە کە گرنگترین لایەنی ناوبژیوانی، قبوڵکردنیەتی لەلایەن هەردوو لایەنەوە، بۆیە رۆڵی ئەمریکاش گرنگە.
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەکان، فیدان باسی لەوە کرد کە ئۆکراینییەکان و ئەوروپییەکان خوازیاری ئاگربەستێکی 30 رۆژەی دەستبەجێن بەبێ هیچ مەرج و رێگرییەک، بەڵام رووسیا پێی وایە کیێڤ لە ئاگربەستێکی وا سوودمەند دەبێت و بۆیە چەند مەرجێکی هەیە. فیدان دووپاتیکردەوە کە "کاتێک لایەنێک دەڵێت 'مەرجم هەیە'، ئەو مەرجانە دەبنە بابەتی دانوستان."
فیدان ئاماژەی بەوەشکرد کە لە پەیوەندی و هەماهەنگی بەردەوامدان لەگەڵ هەموو ئەکتەرەکاندا و دوای سەردانەکەی بۆ ئۆکراینا، ئەگەری هەیە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنجام بدات.
ئەم هەوڵانەی تورکیا لەکاتێکدایە کە جەنگ لە ئۆکراینا بۆ ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە و کاریگەرییەکی زۆری مرۆیی و ئابووری لەسەر ناوچەکە و جیهان جێهێشتووە. چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکانی فیدان لە کیێڤ ئاشکرا بکرێت.