ئەڵمانیا رێگە بە 30 مزگەوت دەدات رۆژانی هەینی جارێک بە بڵندگۆ بانگ بدەن
رووداو - ئەڵمانیا
لە کۆی دوو هەزار و 750 مزگەوت لە ئەڵمانیا، رێگە بە 30 مزگەوت دراوە رۆژانی هەینی جارێک بە بڵندگۆ بانگ بدەن، بۆئەوەی مزگەوتەکان بتوانن بانگ بدەن، پێویستە رەزامەندیی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی نزیک مزگەوتەکە وەربگیرێت.
لە ئەڵمانیا بە یاسایەک بەناوی یاسای کۆنترۆڵکردنی دەنگی بەرز، شێوازی زەنگلێدانی کەنیسە و بانگدانی مزگەوتەکان دیاریکراوە؛ هەموو شوێنە ئایینییەکان و ئەو شوێنانەی دەنگی بەرزیان هەیە، دەبێت لە چوارچێوەی ئەو یاسایە مامەڵە بکەن.
نەجمەدین تەرناگۆدۆ، ئیمامی مزگەوتی شاری دوورن دەڵێت "ئێرە جوانترین شوێنە بۆ پێکەوەژیانی کۆمەڵگەکان. هەربۆیە سوپاسی خودا دەکەین. لە تورکیاش کەنیسەکان هەن و زەنگ لێدەدەن، بۆ نموونە بانگدان و سەدای بانگ لە دەرەوە، ئەمە کارێکی نێودەوڵەتییەوە بەشێوەیەکی یاسایی رێپێدان لە حکومەتی ئەڵمانیا وەرگیراوە. سەرەتا لە دەرەوە کەسانێک بە دەنگی بانگ ناڕەحەت بوون، بەڵام دواتر راهاتن، هەربۆیە زۆر سوپاسی حکومەتی ئەڵمانیا و هاووڵاتییان دەکەین. هەستدەکەین ئێستا بانگ لە گوێی ئەوانیشدا دەنگێکی خۆشە و هیچ کێشەیەکمان نییە".
مزگەوتی فاتچ ساڵی 1985 دامەزراوە، هەر لەو ساڵەدا داوای مافی بانگدانیان کردووە، سێ ساڵی خایاند تاوەکو شارەوانیی شاری دوورن رەزامەندی دا، ئەوکات بۆیان هەبوو پێنج جار لە رۆژێکدا بانگ بدەن، بەڵام ئیمام و بەپرسانی ئەم مزگەوتە بڕیاریاندا بۆئەوەی کەس بێزارنەکەن، تەنیا سێ جار لەڕێگەی بڵندگۆوە بانگ بدەن.
مزگەوتی تورگان لە شاری گێلزنکیرشن، لە ساڵی 2000ەوە دروستکراوە، داوای ئەم مزگەوتەش بۆ بانگدان لەلایەن شارەوانیی شارەکەوە رەتکراوەتەوە.
مارتین شولمان لە شارەوانیی شاری گێلزنکیرشن دەڵێت "بۆئەوەی بڕیار لەسەر بانگی نوێژ لە مزگەوتێک بدرێت، دەبێت رەزامەندیی هەموو دراوسێکان و ئەو ناوچەیەی بەتەواوی لەسەربێت، لە شارێکی وەکو گێرزنکیشن کە شارێکە بەڕووی جیهاندا کراوەیە، فرە کولتوورە و هەموو پێکەوە دەژین، پرسی ئازادیی ئایین گرنگە و دەبێت هەموو یەکدەنگ بن لەسەری. ئەزموونمان دەربارەی ناڕەزاییەکان بەهۆی بێزاریی دەنگی بەرزەوە نیشانیداوە کە دراوسێکان زۆر بێزاربوون و سکاڵایان کردووە. دانانی بڵندگۆ لەسەر مزگەوت دەبێت مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت، پاشان چاودێری دەکرێت بزانرێت تاوەکو چەند دراوسێکان بێزاردەکات، بەهۆی بوونی یاسای کۆنترۆڵی دەنگەوە نەمانتوانیوە داوای مزگەوتەکان قبووڵ بکەین".
لە ئەڵمانیا 45 هەزار کەنیسە هەن، رۆژانە یەک تاوەکو سێ جار بۆیان هەیە زەنگ لێبدەن؛ هەروەها نزیکەی دوو هەزار و 750 مزگەوتیش هەن، لەو ژمارەیە تەنیا نزیکەی 30 مزگەوت رێگەیانپێدراوە بانگ بدەن، بەڵام هەندێکیان تەنیا لە رۆژی هەینیدا و یەک جار.
موسڵمانێک لە ئەڵمانیا تورکیا دەکات بە نموونە و دەڵێت "لە تورکیا بە سەتان کەنیسە هەن و لەکاتی نوێژدا دەتوانن زەنگ لێبدەن، بۆچی ئێمە ناتوانین لێرە بانگی نوێژ بدەین، خۆ لێرە زیاد لە سێ ملیۆن تورک دەژین و چەندین موسڵمانی دیکەش لێرە هەن، بەڵام ناتوانین بانگ بدەین، بۆچی؟"
هاووڵاتییەکی مەسیحی بەناوی کرستیان تونکل لەبارەی بانگی مزگەوتەکان دەڵێت "بۆ من ئاساییە، بەڵام بیرمان نەچێت کە ئەڵمانیا وڵاتێکی کریستیانە. ئایینی سەرەکیی ئەڵمانیا ئێڤانگێلیک و کاسۆلیکییە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە تاوەکو چەند دەیانەوێت وێنەی ئەڵمانیا بگۆڕن، ئایا رێگەپێدانی زۆر چەند کاریگەریی دەبێت لەسەر تێکەڵبوونیان لێرە".
لە زۆربەی هەرێم و شار و شارەوانییەکان رەتکردنەوەی مۆڵەتی بانگی نوێژ هۆکارەکەی بێزارکردنی خەڵکی ئەو ناوچەیەیە، لە هەمان کاتیشدا حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت نزیکەی 796 مزگەوت سەر بە رێکخراوی یەکێتیی ئایینیی ئیسلامیی تورکیایە و دەستی تورکیا لە مزگەتەکان باڵایە.
لە ئەڵمانیا نزیکەی 84 ملیۆن کەس دەژین، هەموو ئایین و دەنگ و رەنگێک بەپێی یاسا ئازادانە مافەکانیان پەیڕەودەکەن، ئازادیی ئایین بابەتێکە لە دەستووری ئەڵمانیادا جەختی لێکراوەتەوە و گرنگیی پێدراوە.