4 ئەندامی خێزانێکی کورد بە مردوویی لە ماڵەکەیان لە ویلایەتی تێکساس دەدۆزرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئاڵێن لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا، تەرمی خێزانێکی چوار کەسیی کورد لەنێو ماڵەکەیان دەدۆزرێتەوە کە گومان دەکرێت سەرۆکی خێزانەکە هاوژین و منداڵەکانی کوشتبێت و دواتر خۆیشی کوشتبێت.
ئەو خێزانە کوردە سێ هەفتە بەر لە ئێستا کچێکی چوار ساڵیان لە مەلەوانگەیەک خنکاوە، پۆلیسی شاری ئاڵێن دەڵێت: باوەڕیان وایە ئەوە "هۆکارێکی" ئەو رووداوە بێت.
خێزانە چوارکەسییەکە پێکهاتوون لە فەرمان شێروانی، باوک؛ لەیلا شێروانی، دایک؛ مەتین شێروانیی تەمەن دوو ساڵ و شاهین شێروانیی تەمەن 12 ساڵ.
شاری ئاڵێن بە دووریی نزیکەی 50 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری شاری داڵاسەوە. پۆلیسی شارەکە دەڵێت، ئەندامێکی خێزانەکە کاتێک گەڕاوەتەوە ماڵەوە بینیویەتی هەموو دەرگەکان داخراون و نەیتوانیوە بیانکاتەوە، بۆیە پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە. پۆلیسیش دوای دوو کاژێر توانیویەتی بچێتە نێو ماڵەکەوە.