پەرلەمانی باسك: ئامانجی داعش لەناوبردنی كوردە


ئەلێكساندرا دی ستێفانۆ
رووداو- بەرشلۆنە

پەرلەمانی هەرێمی باسك لە ئیسپانیا كە لەگەڵ دۆزی كورد هاوسۆزە، هۆشداری دەدات لەوەی ئامانجی سەرەكی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) لەناوبردنی گەلی كوردە. پەرلەمانی باسك لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت "ئامانجی سەرەكی دەوڵەتی ئیسلامی لەناوبردنی گەلی كوردە".

ئیناكی گۆیكۆتخێتا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی نەتەوەیی باسك بە (رووداو)ی راگەیاند كە بەیاننامەكە بۆ پشتگیری لە كۆبانی دەركراوە و لەلایەن هەموو فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمانی باسكەوە بە كۆی دەنگ پەسەندكراوە."دۆخی كۆبانی زۆر مەترسیدارە و پێویستە روون بین دەربارەی ئەو شتانەی كە لەوێ دەگوزەرێن" ئیناكی وا دەڵێت.

بەیاننامەكە توركیا بەوە تۆمەتبار دەكات كە هاوكاری چەكدارانی داعش دەكات و داوا لە ئەنكەرە دەكات دەرگای سنووری بۆ هاوكاریی كورد لە كۆبانی بكاتەوە.

بەیاننامەكە داوا لە دەسەڵاتدارانی توركیا دەكات كە گوشار خستنە سەر كورد رابگرن و هاوكاریان بن "هەروەكو نەتەوە یەكگرتووەكان داوای كردووە". هەروەها دەڵێت "بەرئەنجامی ئەو دڕندەییەی دەوڵەتی ئیسلامی كە توركیا هاوكاریی دەكات، بۆ ئێمە جێی نیگەرانییە". هەروەها لەبارەی "بەكۆمەڵ كوشتنی دڕندانەی خەڵكی سڤیل و ئاوارەبوونی نزیكەی دوو ملیۆن مرۆڤ، كە نیوەیان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە" هۆشداری دەدات.

توركیا كە نزیكەی 30 ساڵە لە شەڕێكی سەختدایە لەگەڵ كوردی بندەستی خۆی، دوودڵی پێشاندەدات لە هاوكاریكردنی كوردی بندەستی سووریا لە شەڕی دژە داعشدا كە ئێستا بە بەرچاوی سوپاكەیەوە لە شەڕێكی سەختدان لە كۆبانێی سەرسنوور.

بەڵام لەم چەند رۆژەی دواییدا توركیا بڕیاری دا دەرگا بەڕووی ژمارەیەكی سنوورداری هێزی پێشمەرگەدا بكاتەوە تا بچنە كۆبانی، ئەمریكاش هێرشە ئاسمانیەكانی بۆ سەر داعش لەو شارۆچكەیە چڕكردووەتەوە.

پەرلەمانتارانی هەرێمی باسك ستایشی هەرێمی كوردستان و هەروەها كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكەن كە ئیدارەیەكی باش و دیموكراسیانەیان لە ناوچەیەكی پڕ گێرمەوكێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاوا كردووە.

بەیاننامەكە لەوبارەوە دەڵێت: "هەرێمی كوردستانی عێراق، لە سایەی فەرمانڕەوایی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا و كوردستانی سووریا (كە بە رۆژئاوا دەناسرێت لە زمانی كوردیدا) نموونەی حوكمڕانیەكی باشی لێبووردە و دیموكراسین".

بەیاننامەكە هەروەها وەبیردێنێتەوە كە "ئەو شەڕەی ئێستا لە عێراق و سووریا بەڕێوەدەچێت، شەڕێكە لە نێوان شارستانیەت و وەحشیگەریدا" بۆیە داوا لە جیهان دەكات كە دەستەوەسان نەبن و بە یەكدەنگ بێنە وەڵام و هەنگاوبنێن بۆئەوەی كۆتایی بەو مەترسییە بهێنن. بەیاننامەكە جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە ئەو هەنگاوانە لەچوارچێوەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بن.

هەرێمی باسك لە ئیسپانیا هەمیشە هاوسۆزیی بۆ دۆزی كورد دەربڕیوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە هەردوولا بەهیوای جیابوونەوە و بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆن. ئیناكی دەڵێت "باسك و كوردستان لە پەیوەندییەكی مێژووییدان".