ترەمپ و شی جین پینگ لە کۆریای باشوور کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە کۆریای باشوور کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکەش هیچ قسەیەکیان نەکرد.
پێش کۆبوونەوەکە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "گومانم لەوەدا نییە کۆبوونەوەیەکی باشمان دەبێت، ئەو [شی جین پینگ] گفتوگۆکارێکی زۆر باشە و دەکرێت رێککەوتن بکەین. ئێمە باش لە یەکدی تێدەگەین".
سەرۆکی چین پێش کۆبوونەوەکە هیچ قسەیەکی نەکرد، بەڵام لەسەر مێزی کۆبوونەوە و پێش دەرچوونی رۆژنامەڤانان لە ژووری کۆبوونەوە، چەند قسەیەکی کرد.
شی جین پینگ گوتی، دەکرێت ئەمریکا و چین دۆستی یەکدی بن و ئەمەش پێویستە. باسی لەوەش کرد، ئامادەیە کار لەگەڵ ترەمپ بکات و بەیەکەوە جیهان بکەنە شوێنێکی باشتر.
شی جین پینگ لەبارەی ئاگربەستی غەززە، ستایشی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپی کرد و گوتی، هەوڵەکانت بەردەوامن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی. ئاماژەی بەوەش دا، "دەتوانین بەیەکەوە سەقامگیری لە جیهان بەرقەرار بکەین".