پارتی پارێزەرانی فینلەندا داوا دەکات پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی رووسیا قەدەخە بکرێت


رووداو - هەولێر

شەڕی ئۆکراینا و سزاکانی رۆژئاوا لەسەر فڕۆکەخانەکانی رووسیا، گەشتیارە رووسەکانی ناچارکردووە لەڕێگەی خاڵی سنووریی نوجاما-ی فینلەنداوە بە پاس گەشت بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا بکەن، بەڵام بەشێک لە فینلەندییەکان ناڕازین و دەڵێن، نابێت فینلەندا ببێتە پردی پەڕینەوەی رووسییەکان بەرەو یەکێتیی ئەوروپا.
 
جوکا کۆپرا، ئەندام پەرلەمانی پارتی هاوپەیمانیی نیشتمانیی فینلەندا دەڵێت: "دانیشتووانی ئۆکراینا دەکوژرێن، هاوڵاتی سڤیل، ژن و منداڵ دەکوژرێن و هاووڵاتییانی رووسیاش گەشت و خۆشی دەکەن لە یەکێتیی ئەوروپا. ئەمە قبوڵکراو نییە". 
 
فینلەندا تەنیا وڵاتی دراوسێی رووسیایە کە تاوەکو ئێستا ئامادەیە ڤیزای شنگن بداتە دانیشتووانی رووسیا، بەڵام پارتی پارێزەرانی فینلاند داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە کە پێدانی ڤیزا بە رووسییەکان قەدەخە بکات.
 
هەڵکشانی ژمارەی گەشتیارانی رووسیا بۆ نێو فینلەندا بازاڕی کۆمپانیاکانی گەشتیاری و گواستنەوەی فینلەندای گەرمکردووە؛ بۆیە بەشێک لە هاووڵاتییان دەڵێن، گەشتیاران سوودی ئابووری بە وڵات دەگەیێنن و نابێت لەگەڵ بابەتی سیاسیدا تێکەڵاو بکرێن.
 
محەمەد دارویش، خاوەنی مارکێتی لاپلاندیا گوتی: "پێموایە ئەوە تەواو بیرۆکەیەکی گێلانەیە کە خەڵک هەیانە، چونکە هیچیان لە دابڕینی هاووڵاتیی ئاسایی رووسی دەستناکەوێت کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بڕیارە سیاسییەکانی سەرکردەکانی وڵاتەکەیانەوە نییە. ئەو بڕیارە کێشە بۆ خەڵکی رووسیا و بازاڕی فینلەنداش درووست دەکات".
 
دوای لابردنی رێکارەکانی کۆڤید بۆ گەشتکردن لەلایەن رووسیاوە، ژمارەی گەشتیاران کە بە خاڵی سنووریی نوجاما تێدەپەڕن بە رێژەیەکی بەرچاو روو لە زیادبوونە. بە گوتەی بەرپرسانی خاڵە سنوورییەکە، ژمارەی گەشتیاران لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ نزیکەی 125 هەزار کەس بووە و لە تەممووزیشدا تاوەکو ئێستا نزیکەی 185 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.