سەلوان مۆمیکا کۆپییەکی دیکەی قورئانی پیرۆزی سووتاند
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ جارێکی دیکە سەلوان مۆمیکا، پەناخوازی عێراقی، دانیشتووی سوێد کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند. سەلوان لە کاتی سووتاندنی قورئانەکەدا خۆی بە "لێهاتوو" ناوهێنا و گوتی، تاوەکو سوێد قورئان قەدەخە دەکات، لەو جۆرە کارانەی بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 31-7-2023، سەلوان مۆمیکا، پەناخوازی عێراقی لە سوێد بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز کرد و کۆپییەکی سووتاند. ئەو هەروەها سووکایەتی بە ئاڵای عێراق کرد و وێنەیەکی گریمانەیی حوسێنی کوڕی عەلی تاڵیب، چوارەم جێنشینی پەیامبەری ئیسلام (د.خ) کرد.
سەلوان مۆمیکا گوتی، "من یاخی و زیرەکم و تاوەکو ئەو کاتەی قورئان لە سوێد قەدەخە دەکرێت، بەردەوام دەبم لە سووتاندنی".
پێشتر پۆلیسی سوێد رایگەیاندبوو، مۆڵەتی سووتاندنی قورئانی داوەتەوە سەلوان مۆمیکا بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە بیسووتێنێت، بەڵام سەلوان بێڕێزییەکەی هێندەی دی زیاتر کرد کاتێک بە پەڕە سووتاوەکانی قورئانی پیرۆز جگەرەیەکی داگیرساند.
سەلوان تەمەنی 37 ساڵە و خۆی بە عێراقییەکی لیبراڵ و بێ دین دەناسێنێت. ئەو ئەندامی پارتی دیموکراسییەکانی سوێدە، دەرچووی پەیمانگەی نەینەوایە بۆ گەشتیاری و هۆتێل، بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لەگەڵ برا و کەسە نزیکەکانی پەیوەندی خراپە و لەگەڵ باوکیشیدا ناکۆکە.
سەلوان رۆژی 28ـی حوزەیران و لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.