دەزگای لووتکە: پەڕینەوەی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ یۆنان 90٪ زیادیکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، پەڕینەوەی کۆچبەران لەم مانگەدا بەبەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی 90٪ زیادیکردووە، نوێنەری دەزگاکەش لە یۆنان دەڵێت: "هۆکاری زیادبوونی کۆچبەران بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی باران و شەپۆلی دەریاکانە کە کۆچکردن مەترسیدارتر دەکات."
 
رۆژی سێشەممە، 31-10-2023، حوسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگەی لووتکە لە یۆنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2022، ئەم مانگە پەڕینەوەی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ یۆنان 90٪ زیادیکردووە، هۆکارەکانیشی هەمەجۆرن، بەڵام دیارترینیان نزیکبوونەوەیە لە وەرزی بارانبارین و زیادبوونی شەپۆلەکانی دەریا."
 
حوسێن حەمەساڵح، گوتیشی: "کۆچبەرانی کورد ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەوە دەیانەوێت لە رێگەی ئاوەکانی یۆنانەوە بچنە ئیتاڵیا کەمتر بوونەتەوە، چونکە ئەوان زیاتر لە وەرزی هاویندا کۆچدەکەن کە شەپۆلەکانی دەریا کەمترن."
 
بەپێی ئامارەکانی دەزگای لووتکە لە هەفتەی رابردوودا 127 بەلەم کە نزیکەی سێ هەزار و 700 کەسیان هەڵگرتبوو هەوڵیانداوە بگەنە دوورگەکانی یۆنان، 56 بەلەم ان رۆیشتوون و هەزار و 499  کەسیان بە فەرمی لە دوورگەکانی یۆنان تۆمارکراون، هەر لەو هەفتەیەدا 36 کەس لە دەریای ئیجە رزگارکراون.
 
لە کۆی 92 بەلەم کە توانیویانە بپەڕنەوە بۆ ناو ئاوەکانی یۆنان، دەسەڵاتدارانی یۆنان بەشێوەیەکی نایاسایی 36 بەلەمیان گەڕاندووەتەوە.
 
نوێنەری دەزگەی لووتکە لە یۆنان، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، قاچاخچییەکان پێش هاتنی وەرزی زستان و باران بارین دەستیانکردووە بە بردنی کۆچبەران بەشێوەیەکی چڕتر لە رابردوودا.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا زیاتر لە 72 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە خۆیان گەیاندووەتە کەناراوەکانی وڵاتانی ئەوروپا، لەو ژمارەیەش، 6500 کۆچبەر گەیشتوونەتە یۆنان.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەشدەکات، لە پێنج مانگی سەرەتای 2023دا نزیکەی هەزار کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستەوە خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.