دیارترین شوێنە گەشتیارییەکانی جیهان
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، لە ساڵی 2022دا 32 شار و شارۆچکە و گوند لە 18 وڵاتی جیهان خۆشترین و سەرنجڕاكێشترین شوێن بوون بۆ گەشتیاران.
ئاژانسی گەشتوگوزاریی جیهانی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، لە دیاریکردنی ئەو شار و شارۆچکە و گوندانەدا هەندێک پێوەر بەکارهێندراون، وەک بواری سرووشتی و کولتووریی شوێنەکان، پاراستنی کولتوورەکە لە لایەن دانیشتووانیانەوە، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و ئابووری، هەبوونی خزمەتگوزارییەکانی بواری گەشتوگوزار، هەبوونی سیستمی تەندروستی و ئاسایش.
بە گوێرەی ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، لەو 32 شار و شارۆچکە و گوندە 14یان لە ئەوروپا، 8یان لە ئەمریکای باشوور، 4یان لە ئاسیا، 3یان لە ئەفریقا و 3 دانەکەی دیکەش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن.
ئەوەی کە پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەیە، یەکێک لەو 3 شوێنە لە ئوردنە و دوو دانەکەی دیکەش لە سعودیەن.
سەرنجڕاکێشترین شوێنەکانی جیهان بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان:
یەکەم؛ سێل ئام زی
شارۆچکەیەکە لە هەرێمی ساڵزبێرگی نەمسا و بەوە ناسراوە کە لە هەردوو وەرزی بەهار و هاویندا خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن، ئەوەش بەهۆی سرووشتە دڵگیرەکەی و شوێنی تایبەت بە خلیسکانێی سەر بەفر بۆ زستان و هاوینەهەوار لە هاویندا.
دووەم؛ واگرەین
شارۆچکەیەکە لە هەرێمی ساڵزبێرگی نەمسا و دانیشتووانەکەی سێ هەزار و بیست کەسە.
سێیەم؛ پاکیڵدۆن
شارۆچکەیەکە لە پارێزگای چیلۆی ناوچەی لۆس لاگۆسی چیلی. شارۆچکەکە دەکەوێتە دوورگەیەک و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن.
چوارەم؛ داژای
شارۆچکەیەکە لە هەرێمی شانخی رۆژهەڵاتی چین. بە کشتوکاڵ بەناوبانگە و دەیان جووتیار تێیدا خەریکی کشتوکاڵن.
پێنجەم؛ جینگژو
شارێکە لە هەرێمی هوبەری باشووری چین و دەکەوێتە سەر رووباری یانگزتی. دانیشتوانەکەی نزیکەی 5 ملیۆن و 200 هەزار کەسە.