نرخی زیو دابەزی؛ 2025 بەهێزترین ساڵی بووە

رووداو دیجیتاڵ

شەوی چوارشەممە، لە دوایین ساتەکانی داخرانی بازاڕدا، نرخی ئۆنسەیەک زیو 4.69 دۆلار، یاخود 6.16٪ دابەزی و بە 71.51 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەر کیلۆیەک زیویش ئێستا بە 2,299 دۆلارە.
 
دابەزینەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو گەیشتبووە 86.62 دۆلار، کە بەرزترین ئاستی نرخەکەیەتی لە مێژوودا. 
 
شرۆڤەکاران هۆکاری دابەزینی نرخی زیو لە دوایین رۆژی ساڵدا، بۆ بەدەستهێنانی قازانج لە لایەن وەبەرهێنەران و بازرگانان دەگێڕنەوە.
 
سەرەڕای ئەم دابەزینە، بەڵام لە 2025ـدا نرخی زیو 146.75٪ بەرزبووەوە. بەمەش زیو توانیویەتی پێش زێڕ بکەوێت و ساڵی 2025 وەک "بەهێزترین ساڵ" لە مێژووی خۆیدا تۆمار بکات.
 
ناساندنی زیو وەک "کانزایەکی ستراتیژی و گرنگ" لەلایەن ئەمریکاوە، کەمبوونەوەی یەدەگ و زیادبوونی خواستی پیشەسازی و وەبەرهێنان، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو بوون لە 2025.
 
بۆ ئەم ساڵیش، شرۆڤەکاران گەشبینن بە داهاتووی ئەم کانزایە و پێشبینی دەکەن نرخەکەی لە ئاستێکی بەرزدا بمێنێتەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ بەردەوامیی خواستی کۆمپانیا گەورەکان و وەبەرهێنەران دەگەڕێننەوە.
 
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی زیاتری رێژەی سوود لە ساڵی 2026دا، ببێتە پاڵپشتییەکی دیکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کانزا گرانبەهاکان، بەتایبەتی زیو.