نرخی پلاتینیۆم لە 2025ـدا زیاتر لە هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

نرخی ئۆنسەیەک پلاتینیۆم 42 دۆلار دابەزی و بە 2013 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەیانیی دوێنێ نرخی پلاتینیۆم ئاستی 1929 دۆلاریشی تۆمارکرد کە نزمترین ئاستی نرخەکەی بوو لە دوو هەفتەی رابردوودا.
 
لە یەک هەفتەی رابردوودا نرخی پلاتینیۆم 400 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، یاخود 10٪ دابەزیوە.
 
بەدەستهێنانی قازانج هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی پلاتینیۆم بوو لە دوایین رۆژەکانی 2025ـدا.
 
سەرەڕای ئەم دابەزینە، پار نرخی ئۆنسەیەک پلاتینیۆم 125٪ بەرزبووەتەوە.
 
سەرەتای 2025 لە کاتی کرانەوەی بازاڕەکاندا، ئۆنسەیەک پلاتینیۆم بە 895 دۆلار بوو. بەم پێیە نرخەکەی لە ساڵی رابردوودا 1,118 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی پلاتینیۆم لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025، دوای ئەوە هات یەکێتیی ئەورووپا لە قەدەخەکردنی بزوێنەری سووتەمەنی و کارکردوو بە بەنزین لە 2035 پەشیمان بووەوە. کەمیی خستنەڕووش هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی.
 
هۆکارێکی دیکەی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی ئەو وڵاتە پلاتینیۆمی خستە لیستی "کانزا گرنگەکان"، ئەمەش وایکرد کۆمپانیاکان دەست بکەن بە کۆگاکردنی ئەم کانزایانە و کەمبوونەوەی خستنەڕوو لە بازاڕە هەرێمییەکاندا دروست ببێت.