شارەزایەک بۆ هاونیشتمانییان: زێڕ بە زیو مەگۆڕنەوە
رووداو دیجیتاڵ
شارەزایەکی زێڕ دەڵێ، باشترە زێڕی کۆن بە زێڕی نوێ نەگۆڕدرێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گرنگە هاونیشتمانییان هەردووکیان بپارێزن، چونکە هەرزان نابن.
پار نرخی ئۆنسەیەک زیو 146.75٪ بەرزبووەوە و لە 29 دۆلارەوە گەیشتە 71 دۆلار.
سالار حاجی عومەر، زێڕنگەر و شارەزای زێڕ و زیو گوتی، ئەم بەرزبوونەوەیە وایکرد خەڵکێکی زۆر زیو بکڕن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، تەنانەت هەندێک کەس دەیانەوێ زێڕەکانیان بفرۆشن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی زیو.
بەڵام ئەو شارەزایە هۆشداری دەدات و دەڵێ: "زیو هەرگیز نابێتە زێڕ" و ئامۆژگاری هاونیشتمانییانیش دەکات زێڕەکانیان بۆ کڕینی زیو نەفرۆشن، چونکە زێڕ پەناگەی سەرەکییە.
پار نرخی ئۆنسەیەک زێر 64.60٪ یان 1698 دۆلار بەرزبووەوە.
قسەکانی ئەو شارەزایە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح.
هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی زیو بۆ بەکارهێنانی لە سێکتەرە جیاجیاکانی پیشەسازی دەگەڕێتەوە. ئێستا زیو لە دروستکردنی پاتری ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیای نوێدا بەکاردێت و خواستێکی جیهانی لەسەرە.
بانکی سیتیی ئەمریکی پێشبینی دەکات، ساڵی داهاتوو ئۆنسەیەک زیو بگاتە 110 دۆلار. بەڵام سالار حاجی عومەر دەڵێ، ئەمە نابێت خەڵک چەواشە بکات و دەستبەرداری زێڕ ببن.
ئەو شارەزایە گوتیشی، ئەوانەشی خشڵ و زێڕی کۆنیان هەیە، با نەیگۆڕنەوە بۆ لیرە یان سەبیکەی نوێ، چونکە کاتێک زێڕە کۆنەکە دەهێننەوە بۆ دووکان، حەقدەستەکەی لێدەڕوات. ئەگەر کەسێک 100 مسقاڵ زێڕ بکاتە سەبیکە، نزیکەی 4 بۆ 5 گرام [نزیکەی مسقاڵێک] لە کێشەکەی زەرەر دەکات.
سالار حاجی عومەر گوتی، زێڕ لە سلێمانی هەرزانتر دەگاتە دەستی کڕیار، هۆکارەکەشی ئەوەیە گواستنەوەی بۆ بەغدا و ناوچەکانی خوارووی عێراق لە سلێمانییەوە ئاسانتر و هەرزانترە.
سالار حاجی عومەر پێشبینی دەکات، لە ساڵی 2026ـیشدا نرخ هەر بە بەرزی بمێنێتەوە و گوتی: "زێڕ و زیو نە دەخۆن و نە دەخەون، تەنیا قەڵەو دەبن"، بۆیە باشترین شتن بۆ هەڵگرتن.