لە سنە ساڵانە 350 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم دەهێندرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سنە دەڵێ، ساڵانە لە پارێزگاکە 350 هەزار تۆن پەتاتەیان هەیە، کە 280 هەزار تۆنی لێ هەناردە دەکەن.
 
سەعید نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە سنووری پارێزگاکە گرنگییەکی تایبەت بە چاندنی پەتاتە دەدرێت، ''بە شێوەیەک کە پێگەیەکی باشمان لەسەر ئاستی ئێران هەیە و بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووریمان.''
 
بەگوتەی سەعید نەقشبەندی، ساڵانە 40 هەزار تۆن تۆو (پەتاتە) لە سنوورەکە دەچێنرێ کە بەرهەمەکەیان دەگاتە 350 هەزار تۆن.
 
وەک بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سنە گوتی، جیا لە 70 هەزار تۆن پەتاتە بۆ پێداویستیی نێوخۆیی، ئەو بەرهەمەی دەمێنێتەوە، هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت.
 
رووبەری پارێزگای سنە بەگشتی دوو ملیۆن و 900 هەزار هێکتارە. سەعید نەقشبەندی ئاماژەی بەوە کرد، هەشت هەزار و 500 هێکتاری زەوییە کشتوکاڵییەکان کراونەتە پەتاتە و هەوڵی پەرەپێدانی چاندنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییەش دەدەن.
 
زۆربەی پەتاتەی سنە لە دەشتەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگاکە دەچێندرێن، بەتایبەتی شارەکانی قوروە، دێولان و دەوروبەری.