فلای ئەربیل: لە 2018وە زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار گەشتیارمان گواستووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی فڕۆکەوانی لە کۆمپانیای فلای ئەربیل رایدەگەیێنێت، تاکە کۆمپانیان لە عێراق گەشتی راستەوخۆی هەفتانەیان بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەیە. دەشڵێت، لە ساڵی 2018ـەوە نزیکەی ملیۆنێک و 150 هەزار گەشتیاریان بۆ 15 وڵاتی جیهان گواستووەتەوە.
موهەنەد ئەحمەد میر، پسپۆڕی کەرتی فڕۆکەوانی و ئابووریی گەشتیاری لە هێڵی ئاسمانی فلای ئەربیل، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، فڕۆکەکانیان خاوەنی "بیمەی سەلامەتیی بەریتانی و ئەورووپی"ن، کە مەرجێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی رێگە بە فڕینی فڕۆکە بدرێت لە ئاسمانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
ملیۆنێک و 150 هەزار گەشتیار
فلای ئەربیل لە ساڵی 2018ـەوە دەستی بە گەشتە ئاسمانییەکانی کردووە. بە گوتەی موهەنەد ئەحمەد، تاوەکو سەرەتای ساڵی 2026، ملیۆنێک و 113 هەزار و 241 گەشتیار لە رێگەی کۆمپانیاکەوە گەشتیان کردووە. ئەگەر ئاماری مانگی یەکی ئەمساڵیشی بۆ زیاد بکرێت، ژمارەکە دەگاتە نزیکەی ملیۆنێک و 150 هەزار گەشتیار.
کۆمپانیاکە لە رێگەی شەش فڕۆکەوە گەشتی راستەوخۆ بۆ 35 فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە زیاتر لە 15 وڵات دەکات، لەوانە: (ئەڵمانیا، دانیمارک، بەریتانیا، هۆڵەندا، کرواتیا، یۆنان، چیک، تورکیا، ئازەربایجان، لوبنان، سووریا، ئیمارات، ئەرمینیا، جۆرجیا و توونس).
چۆن گەمارۆی سەر عێراق تێدەپەڕێنن؟
یەکێک لە کێشە گەورەکانی کەرتی فڕۆکەوانیی عێراق، ئەو گەمارۆیەیە کە لەسەر دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق هەیە بۆ گەشت بۆ وڵاتانی ئەورووپا.
موهەنەد ئەحمەد روونیکردەوە، فلای ئەربیل تاکە کۆمپانیایە لە عێراق گەشتی راستەوخۆی بۆ ئەورووپا هەبێت، بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگەش پەنایان بردووەتە بەر "بەکرێگرتنی فڕۆکەی ئەورووپی" یان کارکردن لەژێر چاودێریی کۆمپانیا ئەورووپییەکان، تاوەکو گەشتیارانی کورد بێ چاوەڕوانی بگەنە شوێنی مەبەست.
تەمەنی فڕۆکەکان و چاککردنەوە
سەبارەت بە تەمەنی فڕۆکەکان، ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوە کرد، هیچ کام لە فڕۆکەکانیان لە 20 ساڵ زیاتر گەشتیان پێ ناکرێت و زۆربەیان لە دۆخێکی تەکنیکیی زۆر پێشکەوتوودان.
موهەنەد ئەحمەد گوتی: "هەر فڕۆکەیەک پێش ئەوەی گەشتەکەی بکات، پرۆسەیەکی وردی پشکنینی تەکنیکی بۆ دەکرێت. ئێمە لەگەڵ تیمە ئەندازیارییە ئەورووپییەکان و بە هاوکاریی ئەندازیارە گەنجە لێهاتووەکانی کورد، 24 کاژێر چاودێریی فڕۆکەکان دەکەین."
ئەو پسپۆڕە باسی لەوەش کرد، بەپێی راپۆرتە فەرمییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، رێژەی دواکەوتنی گەشتەکانیان تەنیا 3%ـە.
جۆری فڕۆکە و تێچووی سووتەمەنی
فلای ئەربیل، خاوەنی شەش فڕۆکەیە (چوار فڕۆکەی ئێرباس A320 و دوو فڕۆکەی بۆینگ 737) کە توانای فڕینیان بۆ مەودای 7 هەزار کیلۆمەتر هەیە.
سەبارەت بە تێچووی سووتەمەنی، موهەنەد ئەحمەد نموونەی هێنایەوە و گوتی: "فڕۆکەیەک بۆ گەشتێکی چوار کاژێر و نیوی بۆ تورکیا (چوون و گەڕانەوە)، پێویستی بە نزیکەی شەش تۆن سووتەمەنی هەیە."
نرخی بلیتەکان
سەبارەت بە نرخی گەشتەکان، بەپێی جۆر و ماوەی گەشتەکە نرخەکان دەگۆڕێن:
هەرزانترین بلیت: گەشتەکانی ناوخۆ بۆ بەغدا (59 بۆ 69 دۆلار).
گرانترین بلیت: گەشتە دوورەکان وەکو لەندەن لە جۆری 'بزنس کڵاس' (دەگاتە 1900 دۆلار).