هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نرخی نەوت دەگەیێننە 140 دۆلار؟
رووداو دیجیتاڵ
هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی تاران، مەترسیی گەورەی لەسەر بازاڕی وزە دروستکردووە و رەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئاستێک کە ساڵانێکە نەبیندراوە.
مەترسییەکان بەم شێوەیەن:
داخستنی گەرووی هورمز
مەترسیی هەرە گەورە، داخستنی گەرووی هورمزە. میدیای فەرمیی ئێران رۆژی شەممە بڵاویکردەوە، سوپای پاسداران هۆشداریی داوە بە کەشتییەکان بەوەی "گەرووەکە سەلامەت نییە"، ئەمەش بە واتای داخستنی دێت.
رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت (20%ی بەرهەمی بەکاربردراوی جیهان) لەم گەرووەوە تێدەپەڕێت.
ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێس لە زاری شرۆڤەکارانەوە دەڵێت، ئەگەر گەرووەکە دابخرێت، نرخی نەوت دەگاتە نێوان 120 بۆ 140 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئێران وەک بەرهەمهێنەرێکی گەورە
سەرەڕای سزاکان، ئێران هێشتا یەکێکە لە 10 گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهاندا، ئێستا رۆژانە 3.1 ملیۆن بەرمیل بەرهەم دەهێنێت و خاوەنی سێیەم گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا.
تێچووی کەم و قازانجی زۆر
دەرهێنانی نەوتی ئێران زۆر هەرزانە و تێچووەکەی تەنیا 10 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک (بە پێچەوانەی ئەمریکا و کەنەدا کە 40 بۆ 60 دۆلارە). ئەمەش وادەکات ئێران قازانجی زۆر بکات ئەگەر نرخ بەرز بێتەوە.
بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، چین کڕیاری سەرەکییە و زیاتر لە 80%ی نەوتی هەناردەکراوی ئێران دەکڕێت.
مەترسی لەسەر دراوسێکان
وڵاتانی کەنداو، تورکیا و پاکستان لەوە دەترسن ببنە قوربانیی تۆڵەسەندنەوەی ئێران، چونکە بنکەی سەربازیی ئەمریکایان تێدایە.
پیر رازۆکس، شارەزای ستراتیژی دەڵێت: "ئێران مووشەکی هەیە بۆ لێدان لە خاڵە هەستیارەکان، وەک وێستگەکانی کارەبا و پاڵاوگەکان."
کێشە بۆ ترەمپ
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 100 دۆلار و زیاتر، دەبێتە هۆی هەڵاوسان و گرانی لە ئەمریکا، ئەمەش زیان بە دۆناڵد ترەمپ دەگەیێنێت لە هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ساڵ، چونکە بەڵێنی وزەی هەرزانی بە دەنگدەران دابوو.