لە مانگی ئازاردا 2800 کەشتی کەمتر بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون
رووداو دیجیتاڵ
رۆژ بە رۆژ قەیرانی تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمز روو لە زیادبوونە و نرخی نەوت، بەرهەمە نەوتییەکان و کاڵاکان بەهۆی تێپەڕنەبوونی کەشتییەکانەوە روو لە هەڵکشانە.
لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا–ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران، ژمارەی کەشتییەکان کە بە تەنگەی هورمز تێدەپەڕن بۆ ژێر 5 کەشتی لە رۆژێکدا کەمبووەتەوە و کۆی کەشتییەکان لەو مانگەدا بە رێڕەوە ئاوییەکەدا تێپەڕیون 135 کەشتی بووە. لە کاتێکدا لە مانگی ئاداری 2025دا کۆی ئەو کەشتیانەی بەو رێڕەوەدا تێپەڕیبوون 2935 کەشتی بوو.
بەپێی نوێترین داتای سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ئۆکسفۆرد، کۆی ئەو کەشتیانەی ئەم ساڵ بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیوون بە رێژەی 2800% بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە [لە ئازاری ئەم ساڵ 2800 کەشتی کەمتر بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون بەراورد بە ئازاری پار]. تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانەی نەوت و گازی دەگوازنەوە بە رێژەی 1650% کەمیکردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
قەیرانی تەنگەی هورمز کاریگەری لەسەر وڵاتانی جیهان هەبووە و ژمارەی ئەو وڵاتانەی هەوڵ دەدەن تەنگەکە بکرێتەوە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت. بەپێی راپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتانەی هەوڵ دەدات بڕیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەربکات بۆ کردنەوەی تەنگەکە و بەشداربوون لە بە هێز کردنەوەی تەنگەکەدا.
کەمبوونەوەی جووڵەی کەشتییەکان کاریگەری گەورەی لەسەر نرخی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان کردووە. نرخی نەوتی خاو لەنێوان 50% تاوەکو 70% بەرزبووەتەوە، نرخی سووتەمەنی فڕۆکە دوو بەرامبەر بووە و بازاڕەکانی گازی سرووشتی لە ئاسیا و ئەورووپاش بەرزێکی بەرچاوی تێدا کراوە.