گومرگی عێراق بۆ رووداو: لە 3ی مانگەوە سیستمی زانیاریی پێشوەختەی گومرگی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل جێبەجێ دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق دەڵێ، لە 3ـی ئەم مانگەوە سیستمی زانیاریی پێشوەختەی گومرگی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل جێبەجێ دەکرێ و دۆلار بە نرخی فەرمی دەدرێتە بازرگانان کە ئەوەش کاریگەری لەسەر بەهێزبوونی بەهای دینار لە بازاڕی هاوتەریب دا دەبێت.
 
سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژی 3ـی نیسانی 2026ـەوە کارکردن بە سیستمی زانیاریی پێشوەختەی گومرگی بۆ هاوردەکردنی مادە خۆراکییەکان، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەستپێدەکات. ئەم هەنگاوە دوای چەندین ساڵ لە گفتوگۆ و هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان دێت".
 
سامر قاسم داود گوتی: "حکومەتی عێراق کۆدی 05ـی داناوە بە مەبەستی هاوردەکردنی مادە خۆراکییەکان، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە زۆربەی بازرگانان داوایان دەکرد ئاسانکاریی حەواڵەی داراییان بۆ بکرێ و سوودمەندبن لە وەرگرتنی دۆلار بە نرخی فەرمی کە ئەمەش کاریگەری لەسەر بەهێزکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەبێت".
 
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق گوتی: "ئێستا ئەو بژاردەیە لە بەردەم بازرگاناندا هەیە کە ئەگەر بیانەوێ کاڵا لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکەن، دەتوانن لە بەغدا سەردانمان بکەن و ئێمە بەگوێرەی بڕیارەکان، دۆلاریان بە نرخی فەرمی بۆ حەواڵە دەکەین".
 
بە گوتەی سامر قاسم داود، "دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بە سیستمی ئەسیکۆدا گرێ نەدراون، بۆیە ئەو هەنگاوە بە پلەی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بازرگانانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و بازرگانانی عێراقە بەشێوەیەکی گشتی".
 
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق رایگەیاند: "ئەم رێکارە تەنیا خۆراک و دەرمان دەگرێتەوە نەک تەواوی کاڵاکانی دیکە، بەڵام ئەگەر سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێ، ئەوا سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان دەگرێتەوە".
 
سامر قاسم داود ئاماژەی بەوەکرد: "ئەم رێکارە تازەیە کە کۆدی 05ـە، تەنیا خۆراک و دەرمان دەگرێتەوە، بەوپێیەی ئەمانە کاڵای سەرەکی و پێویستن بۆ هاووڵاتییان. ئەم رێکارە دەبێتەهۆی بەهێزبوونی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕی هاوتەریب، دوای ئەوەی بانکی ناوەندی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ بازرگانان دابین دەکات".
 
سامر قاسم داود گوتیشی: "بەبێ زانیاریی پێشوەختەی گومرگ، ناتوانرێ دۆلار بە نرخی فەرمی بدرێتە بازرگانان".