دەکرێ هەڵاوسانی خۆراک لە بەریتانیا بگاتە 9%؛ جەنگی ئێران نرخ بەرز دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵاوسانی خۆراک لە بەریتانیا رەنگە ئەم ساڵ بگاتە 9%، تەنانەت ئەگەر تەنگەی هورمز لە چەند هەفتەی داهاتووشدا بکرێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی جەنگی ئێران نرخی وزەی بەرز کردووەتەوە.
 
سێ هێندەبوونی هەڵاوسان
 
فیدراسیۆنی خۆراک و خواردنەوە کە نوێنەرایەتیی 12 هەزار کارگەی بەرهەمهێنانی خۆراک و خواردنەوە لە بەریتانیا دەکات، پێشبینی دەکات نرخ تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 لانیکەم بە رێژەی 9% بەرز ببێتەوە، ئەمەش نزیکەی سێ هێندەی ئەو پێشبینییەیە کە پێش جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرابوو کە تەنیا 3.2% بوو.
 
لیلیانا دانیلا، سەرۆکی ئابووریناسانی فیدراسیۆنەکە دەڵێت، کەرتەکە رووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی وزە، گواستنەوە و پاکەتکردن بووەتەوە، لەگەڵ پەککەوتنی زنجیرەی دابینکردن.
 
لیلیانا دانیلا ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆخەکە بێوێنەیە و پێشبینیکردنی قورسە، بۆیە ئاشکرایە کە لە مانگەکانی داهاتوودا هەڵاوسانی خۆراک زیاتر دەبێت.
 
مەرجەکانی جێگیربوونی نرخ
 
ئەم پێشبینییە (9%) لەسەر ئەو بنەمایە کراوە کە تەنگەی هورمز لە دوو تاوەکو سێ هەفتەی داهاتوودا بەڕووی کەشتییە بارهەڵگرەکاندا بکرێتەوە و زۆربەی دامەزراوەکانی وزەش (نەوت، گاز و پەیین) لە ساڵێکدا بگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی.
 
هەوڵە دیپلۆماسییەکان و هۆشداریی جووتیاران
 
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە، راشێڵ ریڤز، وەزیری دارایی بەریتانیا، بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گەورەترین سوپەرمارکێتەکانی وڵات کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی کاریگەریی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر تێچووی بژێوی و کەمیی دابینکردنی کاڵاکان.
 
جووتیاران و بەرهەمهێنەرانی بەریتانیا هۆشدارییان داوە کە بێ هاوکاریی حکومەت، رەنگە کەمیی بەرهەمە ناوخۆییەکانی وەک تەماتە، خەیار، بیبەر و باینجان دروست ببێت. زۆربەی کۆمپانیاکانیش کە گرێبەستی وزەیان لە مانگی نیساندا نوێ دەکەنەوە، لە ئەمڕۆوە رووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووەکانیان دەبنەوە.
 
هەڵوێستی حکومەت لەسەر باج و وزە
 
حکومەت لەژێر گوشارێکی زۆردایە بۆ هاوکاریی هاووڵاتییان لە بەرامبەر پسووڵەی وزەدا، بەڵام راشێڵ ڕیڤز لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ BBC رایگەیاند کە ئەوان بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ هاوکاریی خەڵک لەسەر بنەمای داهاتی خێزانەکانیان.
 
وەزیری دارایی هیچ بەڵێنێکی نەدا بۆ کەمکردنەوەی باجی سووتەمەنی یان باجی بەهای زیادکراو لەسەر بەنزین و هۆشداریی دا کە دەبێت لە بەڵێنەکانی وریابێت تاوەکو نەبنەهۆی بەرزبوونەوەی زیاتری هەڵاوسان و سوودی بانکی و باجەکان.