لە هەفتەیەکدا نرخی مسقاڵێک زێڕ 30 هەزار دینار دابەزیوە

 
رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێکە نرخی زێڕ روو لە دابەزینە، بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ مسقاڵێک 15 هەزار دیناری دیکە دابەزی. هەروەها بەهای لیرەی سووری دابەزی و دینار نزیکە لە جێگیربوون.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رووداوی گوت: "نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 670 هەزار دینارە، لەکاتێکدا دوێنێ بە 685 هەزار دینار بوو".
 
ئەمڕۆ مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 765 هەزار و عەیار 22 بە 700 هەزار دینارە، عەیار 18ـەش بە 575 هەزار دینارە.
 
پێنجشەممەی رابردوو 24ـی نیسان میسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 700 هەزار دینار بوو.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی زێڕ بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و هێوربوونەوەی شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و هاوبەشەکانی، لە بازاڕەکانی جیهاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەڕێژەی 1.4٪ دابەزی و بە سێ هەزار و 420 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
پێنوێنیی دۆلار کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکیی جیهان دەپێوێت، رۆژی پێنجشەممە 0.3٪ بەرزبووەوە.
 
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، نرخی زێڕ لەو وڵاتانەی کە بە دراوی نیشتمانیی خۆیان مامەڵە بە زێڕەوە دەکەن، گران دەکات، ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست بۆ کڕینی زێڕ و دابەزینی نرخەکەی.
 
بەهای دراوەکان
 
ئەمڕۆ بەهای دینار بەراورد بە دوێنێ نزیکە لە جێگیربوون. هەروەها بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دوێنێی سووریاوە، لیرەی ئەو وڵاتە بۆ هەر ملیۆنێک شەش هەزار دیناری عێراقی دابەزی.
 
بەهای دراوەکان لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بەمشێوەیەیە:
 
- 100 دۆلار= 144 هەزار و 750 دینار.
 
- 100 دۆلار= 3800 لیرەی تورکی.
 
- 100 دۆلار= 7 ملیۆن و 650 هەزار تمەن.
 
- 100 یۆرۆ= 163 هەزار و 750 دینار.
 
- 100 پاوەن= بە 190 هەزار و 500 دینار.
 
- 1000 کرۆنی سوێدی= 122 هەزار دینار.
 
- یەک ملیۆن لیرەی سووری= 129 هەزار دینار.