حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکانی فۆڕێکس دادەخات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە نووسراوێکی فەرمی بڕیاری داخستنی سەرجەم کۆمپانیاکانی فۆڕێکس دەدات.
نووسراوەکە لە 27ی 5ی 2025 دەرچووە و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە و ئاراستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان، هاوپێچ وێنەیەک لە نووسراوی بانکی مەرکەزی عێراقی/لقی هەولێر ژمارە 29/52 لە 5.02.2025 لەگەڵ گشت بەراییەکان بۆتان دەنێرن، تایبەت بە نووسراو و رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی سەبارەت بە قەدەخەکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنی (فۆڕێکس) و دراو دیجیتاڵییەکان.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، کاری پێویست ئەنجام بدەن بە پێکهێنانی لیژنەیەک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ داخستنی سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری ئاماژە پێکراو (فۆڕێکس و دراوی دیجیتاڵی) لە ژێر ناوی جۆراوجۆر کاردەکەن بەبێ جیاوازی.
رۆژی 16.12.2024، بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداریدا لە بوونی کۆمپانییای وەهمیی بازرگانیی ئەلیکترۆنی، کە پێیدەگوترێت بازاڕە داراییەکان یان فۆڕێکس.
بانکەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "کۆمپانیای وەهمی هەیە بۆ بازرگانی ئەلیکترۆنی بە پشکەکان کە بانگەشەی ئەوە دەکەن مۆڵەتی بانکی ناوەندیی عێراقیان هەیە، بەڵام بانکەکە رایدەگەیەنێت کە مۆڵەت بەو کۆمپانیایانە نادات کە بازرگانی بە پشك، کانزا و دراوە دیجیتاڵییەکانەوە دەکەن".
گوتیشی، "هەموو رێوشوێنێکی یاسایی لە دژی ئەو کۆمپانیا وەهمییانە دەگرنەبەر".
هەروەها 08.04.2025، ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "مامه‌ڵه‌کردن به هه‌موو جۆره‌کانی دراوی ئه‌لیکترۆنی و کانزایی کۆمپانیاکانی فۆرێکس و (USDT) لە هەرێمی کوردستان قه‌ده‌خه‌یه، کۆمپانیاکانی فۆڕێکس و دراوی ئه‌لیکترۆنی له هه‌رێمی كوردستان و عێراق رێگه‌پێدراو نین."
ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، به‌پێی بڕیار و رێنماییه‌کانی بانکی ناوەندیی عێراق و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق، ئەو دراوانە رێگە‌پێدراو نین و، هیچ یاسا و رێنماییه‌ک بۆ رێكخستنیان نییە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، "ئەو كۆمپانیانه‌ی له ژێر ناوی جیا کاری فۆڕێکس و کردنەوەی خولی فێربوونی چۆنیێتیی مامه‌ڵەکردن و کڕینی دراوی ئه‌لیکترۆنی و کانزایی دەکەن، نایاسایین و رێگه‌پێندراو نین."
لەبارەی هۆکاری راگەیێندراوەکە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای چه‌ندین سکاڵای هاووڵاتییان و زه‌ره‌رمه‌ندبوونیان له رێگەی ئه‌و مامەڵانەوە، بڕیارەکەیان دەرکردووە.
ئاسایش داوای لە هاونیشتمانیان کرد، "بۆ ئه‌وه‌ی تووشی زیانی مادی نه‌بن، دووربکه‌ونه‌وه له‌م جۆره مامه‌ڵانه و "پاره‌کانیان به‌فیڕۆ نه‌ده‌ن به پڕوپاگەنده و رێکلامی کۆمپانیا و پرۆژه‌کان هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن و خۆیان لێ به‌دوور بگرن".
ئاسایش هۆشداری دەداتە ئەو کەس و کۆمپانیانەی مامەڵەی دراوی ئەلیکترۆنی دەکەن، دەڵێت، "ئاگاداری گشت کۆمپانیا و پرۆژه‌کان ده‌که‌ینه‌وه، له رێگه‌ی سۆشیال میدیا رێکلام بۆ کاری فۆڕێکس و دراوه کانزاییه‌کان نه‌که‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه رووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی ده‌بنەوە."