لە مانگی شەش نرخی نەوت بە رێژەی 6% بەرزبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا، بەهۆی پێشبینییەکان بۆ کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە وەرزی هاوین و بڕیاری ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت لە چارەکی سێیەمدا، بەرزبووەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 01-07-2024 لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور، 16 سەنت بەرزبووەوە و بە 58 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 17 سەنت بەرزبووەوە و بە 81 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی هەردوو جۆری نەوتی برێنت و سووکی تەکساس لە مانگی شەشدا بە رێژەی 6% بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەو مانگەدا بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس بڕیاریان دا زۆربەی کەمکردنەوەکان لە خستنەڕووی نەوت درێژ بکەنەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو.
 
بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس بووەتە هۆکاری ئەوەی شارەزایان و شرۆڤەکاران پێشبینیی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت بکەن لە چارەکی سێێەمدا، کە بە شێوازی نەریتی بەکارهێنانی نەوت و سووتەمەنی بەرز دەبێتەوە، لەبەر دەستپێکی وەرزی پشووی هاوینە.
 
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "گەشبینی بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا و ئەگەری تەشەنەکردنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پاڵپشتیی زیاتریان بۆ نرخی نەوت دروستکردووە."
 
سایکامۆر دەڵێت، "ئەگەری هەیە نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بەرز ببێتەوە بۆ نزیکەی 85 دۆلار، بەو پێیەی نرخی نەوتی سووکی تەکساس لە سەرووی تێکڕای 200 رۆژی رابردووی خۆی مامەڵەی پێوە دەکرێت."