لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا نرخی زێڕ بە رێژەی 4% بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 1ی تەممووزی 2024 لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نزیکەی پێنج دۆلار بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی بە 2327 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
خاوبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا گەشبینیی لەلای بازرگانان دروستکردووە، کە بە ئەگەری زۆرەوە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ئەم ساڵدا دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکات.
ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی نرخی زێڕی لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا بە ریژەی 4% بەرز کردووەتەوە.
بەپێی ئەو داتایانەی رۆژی هەینی بڵاوبوونەوە، قەبارەی (خەرجیی بەکاربردنی تاکە کەسی) لە ئەمریکا بە رێژەی 2.6% لە مانگی پێنج گەشەی کردووە، کە بەراورد بە مانگی چوار کەمتر بووە؛ ئەوەش لەلایەن بازرگانانەوە بە هێمایەک چاوی لێدەکرێت لەسەر ئەوەی خەریکە هەڵاوسان لە ئەمریکا بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات.
ییپ جوون رۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "داتاکانی ئەم دواییەی هەڵاوسان دڵی بازرگانانی زێڕی خۆش کردووە، بەوەی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا، ئەم ساڵ روودەدات."
بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، ئەگەر هاتوو نرخی زێڕ نەتوانێت پارێزگاری لە ئاستی هەستیاری 2280 دۆلار بکات، بە دڵنیاییەوە نرخی کانزای زەرد دادەبەزێت بۆ نزیکەی 2200 دۆلار.
تاوەکو ئێستا نرخی زێڕ لە سەرووی 2300 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەڵام هەر چەشنە دابەزینی بۆ نزیکەی 2280 دۆلار، دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ داڕمانی نرخی ئەو کانزا ستراتیژییە.