ترەمپ بۆ ژاپۆن: برنجمان لێ نەکڕن، پێناسی گومرگی دەسەپێنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگیی نوێی بەسەر ژاپۆندا کرد و هۆکارەکەشی بۆ "رەتکردنەوەی کڕینی برنجی ئەمریکی" لەلایەن تۆکیۆوە گەڕاندەوە. ئەم هەڕەشەیە چەند رۆژێک پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە دێت کە بۆ چەندین هاوبەشی بازرگانی، لەنێویاندا ژاپۆن، دانرابوو.
رۆژی دووشەممە 30-06-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تروس سۆشیەڵ نووسی، "من رێزێکی زۆرم بۆ ژاپۆن هەیە، ئەوان برنجەکەمان ناکڕن، لە کاتێکدا کورتهێنانێکی زەبەلاحی برنجیان هەیە."
ترەمپ هەروەها نووسی، "بە واتایەکی دیکە، ئێمە تەنیا نامەیەکیان بۆ دەنێرین و خۆشحاڵین کە بۆ چەندین ساڵی داهاتوو وەکو هاوبەشێکی بازرگانی لەگەڵمان بمێننەوە."
لێدوانەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە کۆمەڵەیەکی بازرگانیی پیشەسازیی برنجی ئەمریکا لە ماڵپەڕی خۆیدا رایگەیاندووە، ژاپۆن لەڕووی قەبارەوە دووەم گەورەترین کڕیاری برنجی هاڕدراوی ئەمریکایە.
ترەمپ لە مانگی نیساندا پێناسێکی گومرگیی 10%ی بەسەر هاوردەکاندا لە زۆربەی هاوبەشە بازرگانییەکان سەپاند، بەڵام دواتر رێژەی بەرزتری بۆ دەیان وڵات راگەیاند، پاشان رایگرت بۆئەوەی دەرفەت بۆ دانوستاندن هەبێت.
ئەم راگرتنە لە 9ی تەممووزدا کۆتایی دێت، واتە ئەگەر وڵاتان نەگەنە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن، رێژە بەرزکراوەکان هەفتەی داهاتوو دەچنە واری جێبەجێکردنەوە. تاوەکو ئێستا تەنیا دوو رێککەوتن راگەیێندراون: یەکێکیان چوارچێوەیەکی گشتی بوو لەگەڵ بەریتانیا و ئەوی دیکەیان رێککەوتنێک بوو بۆ کەمکردنەوەی کاتیی پێناسە گومرگییەکان لەگەڵ چین.