سوودانى بۆ نوێنەرانى 17 کۆمپانیاى تورکیا: پێگەی کۆمپانیاکانی تورکیا لە عێراق بەهێز دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ نوێنەرانى 17 کۆمپانیاى تورکیا کۆبووەوە و پێى راگەیاندن، پێگەی کۆمپانیاکانی تورکیا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە عێراق بەهێز دەکات، بەردەوامبوونی عێراق لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و ئەو دەرفەتانەی کە دەیانڕەخسێنێت بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی لەنێوان عێراق و تورکیایە.
ئەو کۆبوونەوەیەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بە ئامادەبوونى ئان بۆرا ئینان، باڵیۆزى تورکیا لە عێراق بوو، کە یەکشەممە 31ى ئابى 2025 لە بەغدا ئەنجامدرا.
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، لەو کۆوبونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی رێگاکانی پەرەپێدانی تێگەیشتن و هاوکاری لە کەرتی ئاودا کراوە لە چوارچێوەى رێککەوتنی هاریکاری لە دۆسیەی ئاودا کە لە ئەیلوولی 2024ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، سوودانی جەختی لە پەرۆشیی حکومەت بۆ پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ کۆمپانیاکانی تورکیا کردەووەتەوە و رایگەیاندووە، هەوڵ دەدات پێگەیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان بەهێز بکات، لەگەڵ تێپەڕاندنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بۆ زیاتر لە 20 ملیار دۆلار.
سوودانى ئاماژەی بە بەردەوامیی عێراق لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و ئەو دەرفەتانە کردووەتەوە کە پڕۆژەکە دەیڕەخسێنێت بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی لەنێوان عێراق و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.