بەرمیلێک نەوتی برێنت بە نزیکەی 66 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو رۆژ لە دابەزینی بەردەوام، ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2025 نرخی نەوت بە بەرزبوونەوە کرایەوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 22 سەنت بەرزبووەوە و بە 66 دۆلار و 15 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە دابەزی بۆ 62 دۆلار و 15 سەنت.
 
رۆژی دووشەممە نرخی نەوتی برێنت 3%ی لە بەهای خۆی لەدەستدا، رۆژی سێشەممەش 1.5%ی دیکەی لێ کەمبووەوە.
 
ئەگەری کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخەکانی نەوتی بەرز کردووەتەوە.
 
پێشبینی دەکرێت 3.7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا کەمبووبێتەوە، ئەوەش هۆکاری بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی نەوتە.
 
بەپێی ئەو کەسانەی نزیکن لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس، ئەگەری هەیە سعودیە بۆ بەدەستهێنانی پشکی خۆی لە بازاڕی نەوتدا، لە کۆبوونەوەی داهاتووی هاوپەیمانییەکە لە هەفتەی داهاتوو، بەرهەمهێنەرانی دیکەی نەوت رازی بکات بە خستنەڕووی رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر لە مانگی 11. ئەوەش لە دوو رۆژی رابردوودا بووە هۆکاری دابەزینی بەرچاوی نرخەکانی نەوت.