نرخی نەوتی برێنت بە زیاتر لە 65 دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت رۆژی هەینی بەڕادەیەکی بەرچاو ناجێگیربوو، بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزۆیلا.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 7 سەنت بەرزبووەوە و بە 65 دۆلار و 7 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 41 سەنت بەرزبووەوە و بە 60 دۆلار و 98 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی هەینی بازاڕی نەوت لە ژێر کاریگەریی هەندێ راپۆرتی رۆژنامەڤانی بەڕادەیەکی زۆر ناجێگیر بوو. بەپێی هەندێ لە میدیاکان، هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزۆیلا لە ئان و ساتدایە.
 
بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دواجار هاتەسەر هێڵ و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رەتیکردەوە کە پلانی هەبێت بۆ ئەوەی هێرش بکاتەسەر ئەو وڵاتە.
 
فیل فلین، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (پرایس فیوچەرز گرووپ)، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ترەمپ رەتیکردووەتەوە هێرش بکاتەسەر ڤەنزۆیلا بەڵام کەس نازانێت، ئایا هەڕەشەی ئەمریکا لە ڤەنزۆیلا تەنیا تاکتیکە یان هەڕەشەی راستەقینەیە."
 
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژە بەوە دەدات کە سەرەتای ئەم ساڵ ترەمپ رەتیکردەوە کە هێرش بکاتەسەر ئێران، بەڵام هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە.
 
جۆن کیلدۆف، دامەزرێنەری کۆمپانیا راوێژکاریی (ئیگەین کاپیتاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند،"بەڕوونی مەترسییە جیوسیاییەکانی پەیوەست بە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزۆیلا کاریگەری لەسەر نرخی نەوت داناوە."