ئۆنسەیەک زێڕ دەگاتە 4500 دۆلار؟ نرخی ئەمڕۆ بزانە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ بەهۆی ناڕوونییەکانی پەیوەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی 12ـی ئەم ساڵدا، رۆژی هەینی بەڕێژەی 0.6٪ دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 4003 دۆلار داخرا.
 
مۆرگن ستانلی، یەکێک لە بانکە بەنێوبانگەکانی ئەمریکا پێشبینی نوێی خۆی بۆ زێڕ بڵاوکردووەتەوە.
 
بانکەکە دەڵێت، لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە بۆ 4300 دۆلار و لە نێوەڕاستی ساڵی داهاتووشدا دەگاتە 4500 دۆلار.
 
سەرەڕای دابەزینی نرخی زێڕ لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، بەڵام هێشتا سێ مانگی یەک لە دوای یەکە نرخی کانزای زەرد بەرزدەبێتەوە.
 
رۆژی هەینی، نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12ـی ئەم ساڵدا هەروەها بەڕێژەی 0.5٪ دابەزی بۆ 3996 دۆلار.
 
پێنوێنی دۆلار کە نرخی دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکی دەپێوێت، گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی 3 مانگی رابردووی خۆی، ئەوەش کڕینی زێڕی لەو وڵاتانەی کە بەدراوێکی دیکە جگە لە دۆلار مامەڵە دەکەن، گران کردووە.
 
بێس هاماک، سەرۆکی لقی کلیڤلاندیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، "دژی کەمکردنەوەی سوودی بانکی بووە کە ئەم هەفتەیە راگەیێندرا."
 
هاماک دەڵێت: پێویستە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان سوودی بانکی لە ئاستێکی بەرزدا بهێڵنەوە.
 
تای وۆنگ، بازرگانێکی سەربەخۆی زێڕ لەو بارەیەوە باس لەوە دەکات: "هاماک سێیەم سەرۆکی لقەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت."
 
ئەو بازرگانە دەڵێت، "هەڵوێستی هەندێ لە بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەریدەخات کە بازاڕەکان لەڕادەبەدەر دڵیان بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی خۆش کردووە."