ئۆپێک رۆژانە بەرهەمهێنانی 2.2 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سکرتارییەتی ئۆپێک رایگەیاند، چەند وڵاتێکی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە رێککەتوون لەسەر ئەوەی بەشێوەیەکی خۆبەخشانە رۆژانە 2.2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ئاستی بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە و تەنیا سعودیە رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی کەمکردووەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2023، وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتیی ئۆپێک پڵەس کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینیان کرد و تێیدا کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەشکرد، لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا بەرازیل دەبێتە ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە.
 
سعودیە، کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاوە، سەرۆکایەتیی ئەو هەوڵە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەکات و بڕیاری داوە بەرهەمهێنانی رۆژانەی یەک ملیۆن بەرمیل کەمبکاتەوە.
 
بە کەمکرنەوەی بەرهە‌مهێنانی رۆژانەی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، سعودیە تاوەکو ئاداری 2024 رۆژانە تەنیا 9 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 
 
جگە لە سعودیە، رووسیا رۆژانە 500 هەزار بەرمیل، عێراق رۆژانە 223 هەزار بەرمیل، ئیمارات 163 هەزار، کوێت 135 هەزار، کازاخستان 82 هەزار، جەزائیر 51 هەزار و عومان 42 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیان کەمکردووەتەوە. 
 
ئۆپێک پڵەس لە 23 ئەندام پێکدێت؛ 13یان ئەندامی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)ـن و 10یەکەی دیکەیان لە دەرەوەی رێکخراوەکەن. هەریەک لە سعودیە و رووسیاش سەرکردە و بڕیاردەری دیفاکتۆی گرووپەکەن.
 
لە تشرینی یەکەمی 2022ـش، بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، ئۆپێک پڵەس بڕیاری دا رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە.