چین گەورەترین "پاتریی هەوای سارد" لە جیهاندا دروست دەکات
رووداو دیجیتاڵ
چین خەریکە پڕۆژەیەکی زۆر گەورە و سەیر لە بیابانی گۆبی دەستپێدەکات. ئەوان گەورەترین کۆگەی وزەیان دروستکردووە، کە بە "پاوەربانکی هەوا" ناسراوە و بە شێوازێکی زۆر زیرەکانە کار دەکات.
چۆن کار دەکات؟
بیرۆکەکە زۆر سادەیە:
1- هەواکە وەردەگرن و زۆر ساردی دەکەنەوە تاوەکو دەگاتە 194 پلەی ژێر سفری سیلیزی.
2- لەم سەرما زۆرەدا، هەواکە دەبێتە شلە (وەک ئاوی لێ دێت) و لەنێو تانکیی گەورەدا هەڵدەگیرێت.
3- کاتێک ویستیان کارەبا دروست بکەن، هەوا شلەکە گەرم دەکەنەوە. لەم کاتەدا هەواکە لەناکاو چڕییەکەی زۆر بچووک دەبێتەوە، بۆیە قەبارەکەی زۆر گەورە دەبێتەوە و دەکشێت (750 جار گەورەتر دەبێت لە قەبارەی خۆی).
4- ئەم هێزی گەورەبوونە وەک تەقینەوەیەکە کە پانکە و تۆرباینەکان دەسووڕێنێتەوە و کارەبا دروست دەکات.
سوودی چییە؟
ئەم پڕۆژەیە چارەسەری کێشەیەکی گەورە دەکات. وەک دەزانین وزەی خۆر و با هەمیشە بەردەست نین؛ شەوان تەختە هەتاوییەکان کار ناکەن یان هەندێک جار با هەڵناکات.
بۆیە کاتێک وزەی خۆر و با زیاد لە پێویست هەیە، کارەباکە بەکاردێنن بۆ ساردکردنەوە و هەڵگرتنی هەواکە. کاتێکیش خەڵک پێویستیان بە کارەبا دەبێت، هەواکە بەردەدەنەوە و کارەبای لێ دروست دەکەن.
تواناکەی چەندە؟
• دەتوانێت 10 کاژێر لەسەریەک کارەبا بدات.
• ساڵانە دەتوانێت کارەبای نزیکەی 30 هەزار ماڵ دابین بکات.
جگە لە چین، وڵاتانی وەک کۆریا و بەریتانیاش خەریکی دروستکردنی پڕۆژەی هاوشێوەن بۆئەوەی وزەی پاک باشتر هەڵبگرن.