فۆبیای بەغدا لە هەناردەكردنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی كوردستان

دژایەتیكردنی بەغدا لە هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێی توركیاوە بۆ بازاڕەكانی جیهان، ئەم جارە توندتر و راشكاوانەتر بوو لە جاران. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەبێ هیچ دوودڵییەك، لە پرۆژەی بودجەی 2014دا هەرێمی كوردستان پابەند دەكات بە ناردنی رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت، ئەگەرنا بودجەكەی لێدەبڕێت. ئەوەش لە كاتێكدایە كە دەزانێت هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ساڵی 2014 ناتوانێت ئەو ئامانجە بپێكێت، بەوپێیە ئەو كارەی حكومەتی بەغدا بە ئەنقەست ئازاردان و بەربەست دروستكردنە لەسەر رێی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان و دەیەوێت زۆر بە ئاشكرا پێش بە ماتۆڕی پێشكەوتنی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بەهەمان شێوە پێش بە زیادبوونی قورسایی هێزی سیاسی هەرێمی كوردستان بگرێت.

هاوكات لەگەڵ دامەزرانی ژێرخانی هەناردەكردنی نەوت، بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت مافەكانی خۆیان كە پێشتر لەلایەن بەغداوە گوێی بۆ رانەگیراوە، بەدەستبهێنن. قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید داواكاری حكومەتەكانی رابردووی هەرێمی كوردستان بووە، ئەو داواكارییەی كە هەرگیز لەلایەن بەرپرسانی بەغداوە بەهەند وەرنەگیراوە.

كێشەیەكی دیكەی سەرەكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، رازینەبوونی بەغدایە بە پێدانی پارەی ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن. ئەم پێداگرییە لەسەر نەدانی پارەی كۆمپانیاكان، مەترسی راوەستانی چالاكییەكانی ئەو كۆمپانیایانەی لێدەكەوێتەوە لە داهاتوودا و فاكتەرێكی كاریگەر دەبێت لە بەرزكردنەوەی ریسكی سیاسی بۆ كۆمپانیاكانی نەوت كە بەردەوامن لە كارەكانیان لە كێڵگەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان. هەربۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان ناچار بووە مافی كۆمپانیاكان لە فرۆشتنی نەوتی خۆی دابین بكات.

فۆرمۆڵی هەرێمی كوردستان بۆ فرۆشتنی نەوت سادەیەو ئاڵۆز نییە. هەرێمی كوردستان دەیەوێت پاش فرۆشتنی نەوتی خۆی، پارەی كۆمپانیاكان بدات و رێژەیەكی بگەڕێنێتەوە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو هەموو زیانەی كە بەر قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید كەوتوون. بڕی پارەی ئەو قەرەبووەش لەلایەن لێژنەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە 385 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە كە ژمارەیەكی قەبەیە و نزیكە لە بودجەی چوار ساڵی رابردووی هەموو عێراق، ئەوەش دڵی ستراتیژی نەوتی هەرێمی كوردستانە.

داواكارییەكی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی فیدراڵی عێراق، بودجەی پێشمەرگەیە كە بەهۆی دابیننەكردنی لەلایەن بەغداوە، هەموو ساڵێك قورساییەكی زۆر دەخاتە سەر بودجەی هەرێمی كوردستان و بە دابینكردنی لە بەشە بودجەی خۆی، رووبەڕووی كورتهێنانێكی زۆر دەبێتەوە. بودجەی وەزارەتی بەرگری و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە راستیدا رێژەیەكی زۆر لە بودجەی عێراق پێكدێنن و حكومەتی هەرێمی كوردستان داواكارە بەو پێیەی كە بەپێی دەستوور هێزەكانی پێشمەرگە وەك بەشێك لە هێزەكانی بەرگری عێراق دەناسرێن، بودجەكەی لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق دابین بكرێ.

بودجەی 2014 ی عێراق نزیكەی 175 تریلیۆن دینارە و كەمتر لە 11% ی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە. بەپێی پرۆژەی بودجەی 2014ی عێراق، تەنیا 18 تریلیۆن دینار تەرخان كراوە بۆ هەرێمی كوردستان كە دەكاتە 10.2%ی بودجەی گشتیی عێراق. ئەوە لە كاتێكدایە كە 22 تریلیۆن دینار بۆ بودجەی بەرگری تەرخان كراوە، ئەوەش هەوێنی ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێرە.

لەكاتێكدا كە بەغدا 17%ی بودجەی عێراق ناداتە هەرێمی كوردستان، هاوكات ئامادەش نییە بودجەی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان كە بەشێكن لە بەرگریی عێراق بگرێتە ئەستۆ. هەموو ساڵێك، حكومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بە كەموكورتی دەنێرێت، تەنانەت ئەگەر چاوبگێڕین بە بودجەی تەرخانكراوی عێراق بۆ كەرتە جیاجیاكان لە ساڵانی رابردوودا، بۆمان دەردەكەوێت بودجەی ناردراوی هەرێمی كوردستان بەرابەر بووە لەگەڵ بودجەی وەزارەتێكی وەك پەروەردە.

تەنانەت ئەو بودجەیەی كە بۆ پەرەپێدانی كەرتی وزە بۆ 2014 لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە تەرخانكراوە 39 تریلیۆن دینارە و بەتەنیا زیاترە لە دووهێندەی بودجەی هەرێمی كوردستان. لەو 39 تریلیۆن دینارە كە بۆ وزە لە عێراق تەرخان كراوە، 11 تریلیۆنی بۆ كارەبایە، ئەوەش لە كاتێكدایە كە كەرتی كارەبای عێراق بەراورد بە هەرێمی كوردستان لە رەوشێكی خراپدایە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت قبووڵ بكات بودجەكەی كەمتر بێت لە بودجەی چەندین وەزارەتی حكومەتی فیدراڵی، لە كاتێكدا هیچ پێشكەوتنێك لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لەو بەشانەدا بەدی نەهاتووە. لە ساڵانی رابردوودا زیاتر لە 50 ملیار دۆلار بودجە بۆ پێشخستنی كەرتی وزە و نەوت لە عێراق تەرخانكراوە، كەچی حكومەتی عێراق تەنانەت نەیتوانی لە ساڵی 2013 دا ئاستی هەناردەكردنی نەوت بەرزبكاتەوە و بگرە ئاستی هەناردەكردنی نەوت دابەزی بۆ كەمتر لەچاو ساڵی 2012.

ناكۆكییەكانی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر بابەتی نەوت زۆرن، بەغدا گرێبەستەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان بە نایاسایی دەزانێت و ئامادە نییە پارەی كۆمپانیاكانی كاركەر لە هەرێمی كوردستان بدات. ئەوەش لە كاتێكدایە پێدانی پارەی كۆمپانیاكانی نەوت لە كاتی خۆیدا بەپێی ئەو گرێبەستانەی كە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیانە، گەرەنتی بەردەوامیدانە بە كارەكانیان لە داهاتوودا، بەوپێیەی كە هێشتا كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەزۆری لەسەرەتای بەرهەمهێنانی نەوتدان.

 قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی دەستی رژێمی پێشوو، برینی سەر جەستەی هاووڵاتیانی كورد ساڕێژ دەكاتەوە و دەتوانێت سەرەتایەك بێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو هەموو گوند و شار و شارۆچكەیە و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پێشخستنی ئەو ناوچانە كە هێشتا بە دواكەوتوویی ماونەتەوە. داوكارییەكانی كورد زۆر سادەن، بەڵام بەغدای تووشی هیستریا كردووە. بەرپرسانی بەغدا تاقەتی بینینی ئەوەیان نییە كە كورد گەیشتبێتە ئەو قۆناغەی نەتەنیا نەوت بەرهەمدێنێ و دەیپاڵێوێ و سووتەمەنی و كارەبا بۆ هاووڵاتیانی دابیندەكات، تەنانەت لە رێگەی بۆڕییەوە نەوتیش هەناردە دەكات.

ئەوەش باكگراوندێكی مێژوویی هەیە، هەموو كات دەوڵەتە خۆ بەزلزانەكانی ناوەند لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا هاووڵاتیانی كوردیان بچووك بینیوە و نەفسییەتیان شكاندوون، ئێستاش چاوی بینینی ئەوەیان نییە كە دەبینن كورد زۆر بە جوانی خۆی ئیدارە دەكات و ئەو دەسكەوتانەی كە بەدەستیهێناون ئەوان بە 10 ساڵی دیكەش ناتوانن خەونی پێوەببینن.

خۆبەزلزانینی بەغدا ناتوانێت سەربەخۆیی ئابووری و بێمنەتیی كورد لە ناوەند قەبووڵ بكات، بۆیە كاردانەوەی هیستریایی پێشاندەدات. دیارترین هێمای فۆبیای بەغدا، هەڕەشەی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانە. زۆر ئاشكرایە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە بواری نەوت و بەم دواییەش هەناردەكردنی سەربەخۆیانەی نەوت، پێگەی حكومەتی ناوەند هێندە شل و بێهێز دەكات كە دەیەوێت شەڕی كۆتایی لەگەڵ بكات.  چونكە دەزانێت ئەگەر رێگە بدات هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵی نەوتی خۆی بكات، دەتوانێت داوای زۆر شتی دیكەش بكات.

دیارە كورد ژیرانە مامەڵە لەگەڵ پرسی نەوتی خۆی دەكات و لەبیری نەچووەتەوە كە نەتەوەیەكە جینۆساید كراوەو ئێستا كاتی هەڵدانەوەی حیساباتی كۆنە لەگەڵ حكومەتی ناوەند. پەسەندكردنی بودجەی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیران بەبێ رەچاوكردنی كورد و سەپاندنی بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل بەسەر هەرێمی كوردستاندا، نیشانەی كاردانەوەی هیستیریای حكومەتی ناوەندە. پێشكەوتنەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان بەغدای تووشی هیستریا كردووە، بۆیە كاردانەوەكانیان تێكەڵاوە، نازانن لە بەرامبەر هێرشی هەرێمی كوردستان بە چەكی نەوت چی بكەن.