بەهای دۆلارێک نزیکبووەوە لە 60 هەزار تمەن
رووداو دیجیتاڵ
بەهای تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ماوەی یەک هەفتەیە رووی لە دابەزین کردووەتەوە و ئەمڕۆ شەممە بەهای یەک دۆلار 59 هەزار تمەنی تێپەڕاند و بە 59150 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەوپێیەش بەهای یەک دۆلار نزیکدەبێتەوە لە ژمارەی پێوانەیی 60 هەزار تمەن کە بەرزترین ئاستیەتی لە مانگی 2ی ساڵی 2023وە.
بازرگانانی دراو لە بازاڕی دراوی تاران، کە بە بازاڕی فیردەوسی ناسراوە، ئاماژە بە بەرزبوونەوەی خواست بۆ کڕینی دۆلار لە ناوخۆ دەدەن و پێیانوایە تاوەکو هەواڵی ئەرێنی لەسەر ئابووریی ئێران و بەردەست بوونی نەختینەی دراوی بیانی روونەدات، بەهای دۆلار بەرامبەر بە تمەن روو لە بەرزبوونەوەی زیاتر دەکات.
بانکی ناوەندیی ئێران هەفتەی رابردوو بڕیاریدا بڕی ئەو دۆلارەی کە نرخی پاڵپشتیکراو دەیداتە گەشتیاران، لە 500 یۆرۆوە بەرزبکاتەوە بۆ 1000 یۆرۆ.
شرۆڤەکارانی بازاڕی دراوی تاران پێیانوایە سەرەڕای ئەو بڕیارە ئەرێنییانە، کە بانکی ناوەندیی ئێران داویەتی بۆ پاڵپشتیکردن لە بەهای تمەن، بەڵام بەهای تمەن نەیتوانیوە بەرامبەر دۆلار بەرزببێتەوە.