فوئاد حوسێن: هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەکات و دەڵێت، "تورکیا و هەرێمی کوردستانیش بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەن. بەغدا دەبێت کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان بکات".
رۆژی هەینی، 01-03-2024، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا لە تورکیا هەڤپەیڤینێکی ئەنجام دا و رایگەیاند، "بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆرییە نەوتییەکانیش لە تورکیا ئامادەن".
فوئاد حوسێن ئەوەی خستەڕوو کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەیان کردووە و پێیان گوتراوە، هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەیە.
فوئاد حوسێن هیوای خواست حکومەتی هەردوو وڵات مانگی داهاتوو لە بەغدا کۆببنەوە و لەسەر بنەمای راپۆرتە ئامادەکراوەکان، پلانێک بۆ چارەسەری ئەو بابەتە دابنێن.
وەزیری دەرەوەی عێراق لەو بارەوە زیاتر دوا و گوتی، "هەندێک کێشە هەن. کێشەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نین؛ ئەوان گەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە، بەغدا پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانە بکات کە لە کوردستانی عێراق کار دەکەن".
رۆژی 25ـی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا.
رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستی پێنەکردووەتەوە.
زیانی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان زیاترە لە 10 ملیار دۆلار.
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکەیشی کرد و گوتی، "پەکەکە بۆ تورکیا و بۆ عێراقیش کێشەیە. ئێمە پابەندی دەستوورین بۆ رێگەگرتن لە هەر گرووپ و رێکخراوێک کە بیەوێت لە خاکی عێراق چالاکی هەبێت و هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی دیکە".
فوئاد حوسێن باسی لە دانوستاندنەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تایبەت بە دیاریکردنی ئەرکی داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد و گوتی، "ئەمریکا لەسەر بانگهێشتی عێراق بۆ شەڕی دژی داعش هات و ئێستا داعش وەک دەوڵەتێکی تیرۆریستی تێکشکاوە و تەنیا رێکخراوێکی بچووکە. تیمێکی ئێمە راپۆرتێک ئامادە دەکەن و پێشکێشی سەرۆکوەزیران و سەرکردە سیاسییەکانی دەکەن بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی ئەو سەربازانە".
کانوونی دووەمی 2024 لیژنەی سەربازیی عێراق و ئەمریکا گفتوگۆی فەرمییان بۆ دیاریکردنی ئەرکی داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەستپێکرد.