عێراق مانگانە 1.5 تۆن زێڕ هاوردە دەکات
رووداو دیجیتال
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایدەگەیێنێت، مانگانە لە عێراق نزیکەی یەک تۆن و نیو زێڕ هاوردە دەکرێت.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 02-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بازرگانانی عێراق رۆژانە 50 کیلۆ زێڕ، واتە مانگانە 1.5 تۆن زێڕ هاوردە دەکەن.
بە بڕیاری حکومەتی عێراق، هاوردەکردنی زێڕ تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە رێگەپێدراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی، زێڕ بە رێگەی وشکانی هاوردە ناکرێت و ئەو بڕە زێڕەش تەنیا لە رێگەی هەر چوار فڕۆکەخانەی بەغدا، نەجەف، بەسرە و کەرکووکەوە هاوردە دەکرێن، جگە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی.
رۆژی 23ی کانوونی دووەمی 2025 سەنتەری پشکنینی زێڕ و خشڵە گرانبەهاکان لە فڕۆکەخانەی کەرکووک کرایەوە. بەمەش هاوردەکردنی زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە نزیکەی 40 رۆژە دەستیپێکردوە.
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە فڕۆکەخانەی کەرکووک ئەوکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئیدی بازرگانان دەتوانن لە رێگەی فڕۆکەخانەکەوە زێڕ هاوردە بکەن".