لە کەنداو هێرشکرایە سەر کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت و گڕى گرت
رووداو دیجیتاڵ
کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە کەنداو بە بەلەمى ئاڕاستەکراو هێرشی کرایە سەر، بەهۆیەوە کەشتییەکە گڕی گرت و کارمەندێکی گیانی لەدەستدا.
دووشەممە 2ی ئاداری 2026، ناوەندی ئاسایشی دەریایی عومان لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی ئەو هێرشەی بڵاوکردەوە، کە کراوەتە سەر کەشتیی گواستنەوەی نەوتی مکۆ ڤیۆم.
هێرشەکە بووە هۆی گڕگرتن و تەقینەوە لە ژووری بزووێنەرەکانى، بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و 21 کارمەندەکەى دیکەی ناو کەشتییەکە رزگار کران.
ئەو ناوەندە رایگەیاندووە، کەشتییە نەوتهەڵگرەکە لە رێگەی بەلەمێکی ئاڕاستەکراوەوە هێرشی کراوەتە سەر لە دووری 83 کیلۆمەتری دەریایی لە کەنارەکانی مەسقەتی پایتەختی عومان.
لە 28ی شوباتەوە بەهۆی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کەنداو گرژی دروستبووە.
ناوەندی ئاسایشی دەریایی رایگەیاند، کەشتیگەلی سەربازیی بەحرێن چاودێری ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە دەکات و هۆشداری دەداتە ئەو کەشتییانەی بەو شوێنەدا تێپەڕ دەبن.