مێرسک و گەورە کۆمپانیاکانی جیهان گەشتەکانیان لە گەرووی هورمز و نۆکەندی سوێس راگرت


رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای (مێرسک)ـی دانیمارکی، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا، رایگەیاند بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی و پاراستنی گیانی ستافەکەی، هەموو گەشتە دەریایییەکانی لە گەرووی هورمز و نۆکەندی سوێس راگرتووە.
 
بڕیارەکەی مێرسک دوای ئەوە دێت سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی شەممە داخرانی گەرووی هورمزی راگەیاند. مێرسک لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "بڕیارمان دا گەشتەکانمان لە رێگەی نۆکەندی سوێس و گەرووی بابولمەندەب بۆ کاتێکی نادیار رابگرین، هەروەها تێپەڕبوونی هەموو کەشتییەکانمان لە گەرووی هورمز هەڵپەسێردراون."
 
کۆمپانیاکە جەختی کردەوە کە "سەلامەتیی تیمەکانمان، کەشتییەکان و کاڵای کڕیارەکانمان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە." مێرسک ئاشکرای کردووە کە رێڕەوی کەشتییەکانی دەگۆڕێت بۆ باشووری ئەفریقا، ئەمەش هەزاران میل مەودای گەشتەکان دوورتر دەکاتەوە. هەروەها بڕیاری داوە نووسینگەکانی لە ئیمارات، قەتەر و عومان دابخات.
 
تەنیا مێرسک نییە کە ئەم بڕیارەی داوە؛ کۆمپانیای MSC داوای لە کەشتییەکانی لە ناوچەی کەنداو کردووە بچنە پەناگە ئارامەکان. کۆمپانیای "هاپاگ لۆید"ی ئەڵمانی و کۆمپانیای CMA CGMی فەرەنسییش بە هەمانشێوە گەشتەکانیان لە گەرووی هورمز و نۆکەندی سوێس راگرت و داوایان لە کەشتییەکانیان کردووە خۆیان بپارێزن.
 
ئەم بڕیارانە لە کاتێکدان کە گرژییە سەربازییەکان کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر هاتووچۆی دەریایی دروستکردووە. میدیاکانی عومان بڵاویانکردەوە کە تانکەرێکی نەوت لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە کراوەتە ئامانج و چوار کارمەندی بریندار بوون. هاوکات ناوەندی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، کەشتییەک لە کەناراوەکانی ئیمارات لە نزیک گەرووی هورمز "بەر زەبرێکی نەناسراو کەوتووە و ئاگری گرتووە."
 
ئەرسینیۆ دۆمینگێز، سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی، داوای لە هەموو کۆمپانیاکان کردووە وریا بن و تاوەکو بارودۆخەکە باشتر دەبێت، لە ناوچە ئاڵۆزەکان دوور بکەونەوە.
 
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان و نزیکەی چارەکی پێداویستیی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، نۆکەندی سوێسیش کورتترین رێگەی بەیەکەوەبەستنی ئەورووپا و ئاسیایە.