شێوازی فۆرمەكانی یەكەی نیشتەجێ بوون بۆ هاووڵاتیانی كەم دەرامەت راگەیاندرا
کامەران عومەر
رووداو - هەولێر
وەزیری ئاوەدان كردنەوە و نیشتەجێ كردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوا شێوازی فۆرمەكانی یەكەی نیشتەجێ بوون بۆ هاووڵاتیانی كەم دەرامەت راگەیاند .
كــامەران ئەحمەد عەبدوڵڵا، لە لێدوانێكدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ، روونیشیكردەوە "كە وەزارەتی ئاوەدان كردنەوە ماوەیەكی زۆرە خەریكی ئامادەكردنی ئەم فۆرمانەیە و پرس و راوێژی بە كەسانی شارەزاو پسپۆر كردووە بۆ ئەوەی بتواندرێت پرۆسەكە بە شێوەیەكی یەكسان و شەفاف بێت و دوور بێت لە دەستكاری كردن" .
لە ئێستادا فۆرمەكان بۆ هەر سێ پارێزگاكانی كوردستان و ئیدارەی گەرمیان ناردراوە بۆ ئەوەی لەلایەن خۆیانەوە بنكەی پێویست بۆ دابەش كردنی فۆرمەكان و وەرگرتنەوەیان دیاری بكەن بۆ هاووڵاتیان بەپێی قەبارەی دانیشتوانی ناوچەكە كە پێش بینی دەكرێت لە ماوەیەكی نزیكدا هاووڵاتیان بتوانن ئەم فۆرمانە وەربگرن و بەپێ ی رێنمایەكان پڕی بكەنەوە .
لە بەشێكی دیکە لێدوانەكەیدا كــامەران ئەحمەد عەبدوڵڵا پرۆسەی دروست كردنی یەكەی نیشتەجێ بوون بۆ هاووڵاتیانی كەم دەرامەت لە سالُی(2011) دەستی پێكردووە وەكو قۆناخی یەكەم و سەرەتا لە ناوەندی پارێزگاكان دەستمان پێكردووە كە بڕەكەی (49) چل و نۆ ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە.
راشیگەیاند لە سالُی (2012) بڕی (250) دوو سەدو پەنجا ملیار دینار دیکەی بۆ تەرخانكراوە بۆ دروستكردنی (5000) یەكەی نیشتەجێ بوون لە سنووری ناوەندی پارێزگاكان و قەزاو ناحیەكانیش كە لە ئێستادا بە شێوازی جیا و قۆناخی جیا لەشارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لە ژێر جێ بە جێ كردن دان.
وەزیری ئاوەدان كردنەوە و نیشتەجێ كردن هەروەهائاماژەی دا كە لە پلانی وەزارەتماندا بۆ سالُی (2013) بڕی (250) دوو سەدو پەنجا ملیار دیناری دیکە تەرخانكراوە بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێ بوون بۆ هاوولاتیانی دەرامەت سنووردار.