دوای زیاتر لە ساڵێک زیانکردن، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل دەستی بە قازانج کردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە ساڵێک لە زیانکردن، دواجار لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ گەورە کۆمپانیای نەوتی ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی گەڕایەوە سەر رێڕەوی قازانجکردن و توانیی لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 2 ملیار و 730 ملیۆن دۆلار قازانج بکات، ئەوە لە کاتێکدایە کە سێ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو کۆمپانیاکە 610 ملیۆن دۆلار زیانی کردبوو.
 
دارێن وود، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لەو بارەیەوە رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئاساییبوونەوەی ژیان لە بەشێک لە وڵاتانی جیهاندا یارمەتیدەر بووە بۆ باشبوونی رەوشی دارایی کۆمپانیاکە.
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە هەروەها رایگەیاند بووژانەوەی ئابووریی وڵاتانی جیهان بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت.
 
دوای داڕمانی نرخەکانی نەوت لە مانگی چواری ساڵی رابردوو، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل دەستی بە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کرد و توانیی لەڕووی داراییەوە خۆی رێکبخاتەوە.
 
قەبارەی خەرجییەکانی کۆمپانیاکە بۆ 3 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار دابەزیوە کە کەمترین ئاستیەتی لە 20 ساڵی رابردوودا. دارین وود دەڵێت، "کاتێک لە مانگی 11ـی ساڵی رابردوو پلانی کەمکردنەوەی خەرجییەکانمان دانا، ئەستەم بوو بزانین کە ساڵی 2021 رەوشی دارایی کۆمپانیاکە چی بەسەردادێت."
 
وود جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆمپانیاکەی چاوی لەوە بووە کە ئابووریی جیهان ببووژێتەوە و سەرەڕای بوونی مەترسی لەسەر رێگەی بووژانەوەی ئابووریی جیهان، بەڵام بووژانەوەکە نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە.
 
لە دوایین ساتی داخستنی مامەڵەکان، هەفتەی رابردوو نرخی نەوتی برێنت لە سەرووی 66 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بانکی گۆڵدمان ساکس رایگەیاندووە کە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە ئەگەری زۆرەوە لە 6 مانگی داهاتوودا بەردەوام دەبێت و پێشبینی کردووە نرخەکانی نەوت تاوەکو 80 دۆلاریش بەرزببنەوە.
 
سەرەڕای پێشبینییە ئەرێنییەکان بۆ نرخی نەوت، سەرهەڵدانەوەی پەتای کۆرۆنا لە هیندستان نیگەرانیی زۆری بۆ بازرگانانی نەوت دروستکردووە.
 
رێکخراوی ئۆپێک دەڵێت ئەگەر مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەندێ ناوچەی جیهان بڕەوێننەوە، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەمساڵدا 6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکات. ئەوە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو لە لووتکەی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت رۆژانە 8 ملیۆن بەرمیل کەمیکردبوو.