ترەمپ دەڵێ گومرگی سەر ئۆتۆمبێلی ئەورووپا بۆ 25% بەرز دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، بڕیاری داوە لە هەفتەی داهاتووەوە گومرگ لەسەر ئەو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرانەی لە یەکێتیی ئەورووپاوە هاوردەی ئەمریکا دەکرێن، زیاد بکات، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەورووپییەکان پابەندی رێککەوتنی بازرگانیی لەگەڵ واشنتن نەبوون.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، رایگەیاند: "بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیێنم، لەبەرئەوەی یەکێتیی ئەورووپا پابەندی ئەو رێککەوتنە بازرگانییە نابێت کە بەتەواوی لەسەری رێککەوتبووین، هەفتەی داهاتوو باجی گومرگی لەسەر ئەو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرانە بۆ 25٪ بەرزدەکەمەوە کە لە ئەورووپاوە دەهێندرێنە ئەمریکا."
سەرۆکی ئەمریکا مەرجێکی بۆ کۆمپانیاکانی ئەورووپا داناوە و دەڵێت: "ئەگەر ئەو ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرانە لەنێو کارگەکانی ئەمریکادا بەرهەمبهێنن، ئەوا هیچ باجێکیان لێ وەرناگیرێ."
ترەمپ باس لەوەش دەکات کە ئێستا لە ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر کارگەی ئۆتۆمبێل دەکرێنەوە و زیاتر لە 100 ملیار دۆلاریان تێدا وەبەردەهێنرێ، کە ئەمەش "لە مێژووی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا ژمارەیەکی پێوانەییە".
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، ئەو کارگانە "بەم زووانە" دەکرێنەوە و بە تەواوی پشت بە کرێکاری ئەمریکی دەبەستن.