نرخی زێڕ بە دابەزین داخرا؛ هەفتەی رابردوو زیاتر لە 100 دۆلار دابەزیوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتی داخرانی بازاڕە داراییەکانی جیهاندا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 10 دۆلار دابەزی و بە 4612 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە هەفتەی رابردوودا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 100 دۆلار دابەزیوە.
 
 نیگەرانییەکان لە زیادبوونی هەڵاوسان بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی ئێرانەوە وایکردووە بازرگانان زیاتر روو لە دۆلار بکەن، ئەمەش نرخی زێڕی دابەزاندووە.
 
بازاڕەکانی کانزاکان لەژێر گوشاری ئاماژە تووندەکانی بانکە ناوەندییە گەورەکاندا ماونەتەوە؛ بەشێک لە بەرپرسانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا هۆشدارییان لە زیادبوونی هەڵاوسان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە داوە، لە کاتێکدا بانکی ناوەندیی ئەورووپا، ئینگلتەرا و ژاپۆن ئاماژەیان بە زیادکردنی رێژەی سوود لە داهاتوویەکی نزیکدا کردووە.
 
زیادکردنی رێژەی سوود لە کاتی ئاساییدا نرخی کانزاکان دادەبەزێنێت.
 
هاوکات میدیاکانی ئێران رۆژی هەینی رایانگەیاند، تاران پێشنیازێکی نوێی ئاشتیی لە رێگەی پاکستانەوە پێشکێشکردووە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "ئێران دەیەوێت رێککەوتنێک بکرێت، بەڵام من پێی رازی نیم".