بەڕێوەبەری سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی وزە: ئۆپێک داڕشتنەوە لە پێکهاتەکەیدا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئیمارات پلانی هەیە بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات. بەڕێوەبەری سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی وزە دەڵێ، ئیمارات بۆ سەربەخۆیی ئابووری بڕیاری کشانەوەی لە ئۆپێک داوە.
رۆژی 2ی ئایاری 2026، د. مستەفا بازرگان، بەڕێوەبەری سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی وزە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ئیمارات پێویستی بە زیادکردنی بەرهەم و هەناردەکردنی نەوتە، بۆیە بڕیاری داوە لەم کاتەدا لە رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بچێتە دەرەوە.
د. مستەفا بازرگان باسی لەوەش كرد، ئیمارات لە چەند ساڵی رابردوودا چەند جارێک داوای پشکی خۆی لە ئۆپێک کردووە، بەڵام ئەوە پێویستی بە بڕیاری بە کۆمەڵی ئەندامان بووە کە نەدراوە و نەیویستووە لە کۆدەنگی رێکخراوەیی دەربچێت.
ئێستا ئیمارات توانای هەیە رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا هەناردەی دەرەوە بکات. بە گوتەی د. مستەفا بازرگان، ئیمارات پلانی هەیە لە ساڵی 2027 بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێنێتە زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
ئیمارات چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نێو ئۆپێک پڵەسە. بە گوتەی بەڕێوەبەری سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی وزە، ئیمارات دەیەوێ بە بڕیاری دەرچوون لە ئۆپێک دەرفەت بداتە سەربەخۆیی ئابووری لە بوارەکانی نەوت و سەرچاوەکای دیکەی وزە.
رێکخراوى ئۆپێک کە لە ساڵی 1960 دامەزرا، لە ساڵی 2016 هاوپەیمانیی لەگەڵ 10 بەرهەمهێنەری دیکە کرد بۆ پێکهێنانی ئۆپێک پڵەس.
د. مستەفا بازرگان پێشبینی کرد، رێکخراوی ئۆپێک داڕشتنەوە بە پێکهاتە و خشتەبەندی لە بڕیارەکانیدا بکات، بە جۆرێک کە لەگەڵ نەخشە نوێیەکەی وزەی جیهانیدا بگونجێت.