عێراق 100 ملیار دیناری شایستەی جووتیاران خەرج دەکات؛ هەرێمی کوردستانی لێ ئاگادار نەکردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق، بڕیاری خەرجکردنی 100 ملیار دیناری شایستەی جووتیارانی عێراقی داوەو تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستانی لێ ئاگادار نەکردووەتەوە. 
 
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 2ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێشتا نزیکەی 195 ملیار دیناری شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراق ماوە، تاوەکو ئێستا خەرج نەکراوە. 
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستانی عێراق، "وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری خەرجکردنی 100 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی عێراقی داوە، کە بڕێکی بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئاگادار نەکراوەتەوە، کە لەو 100 ملیارە چەندی بۆ هەرێمی کوردستانە".
 
نەوزاد شێخ کامل، دڵنیایی دایە جووتیارانی هەرێمی کوردستان، هەرکاتێک پارە لە بەغداوە بگات، دەستبەجێ رێکاری پێویست دەگرنەبەر و پارەکە بەسەر جووتیارانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکەن. 
 
لەکاتێکدا ئەم ساڵ 2026 پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە باشووری عێراق دەستیپێکردووە، بەڵام حکومەتی عێراق نزیکەی ترلیۆنێک و 600 ملیاری شایستەی ساڵی رابردوو2025ی جووتیارانی عێراقی لاماوە، هێشتا خەرجی نەکردووە.
 
عەلی شێخ خالس بەرزنجی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 2ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند؛ دوای بەدواداچوونی بەردەوام بۆ مافە یاساییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە، ئاگاداری کردووەتەوە، کە وەزیری بازرگانی بڕی 100 ملیار دیناری وەک گوژمەی دووەمی شایستەی دارایی جووتیاران خەرج کردووە.
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، لە گوژمەی یەکەمدا کە بڕی 60 ملیار دینار تەرخانکرابوو، بە هەوڵەکانی ئەوان بڕی زیاتر لە 8 ملیار دیناری بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابینکرا.
 
عەلی شێخ خالس بەرزنجی دڵنیایی دەداتە جووتیاران کە هەوڵەکانیان لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام دەبێت، تاوەکو دەستبەرکردنی تەواوی ماف و شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.