هەولێر و بەغدا هیچ نووسراوێکیان لەبارەی رادەستکردنی نەوت واژۆ نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
هیچ رێککەوتنێکی نووسراو لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان واژۆ نەکراوە.
سەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی تەممووزی 2025 بە رووداوی گوت، رێککەوتن واژۆ نەکرا، چونکە شاندەکان لە کۆبوونەوەکاندا لەسەر هەموو خاڵەکان نەگەیشتنە ئەنجام.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "لە کۆی 10خاڵی نووسراو لەسەر نیوەیان هاوڕا بووین. ئەوەی زۆر ناکۆکیی لەسەر بوو، بریتی بوو لە تێچووی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بەغدا ئامادە نییە پارەی دەرهێنانی ئەو نەوتە بدات کە هەریمی کوردستان بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی بەکاریدەهێنێت."
سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، "لە کۆبوونەوەکاندا پێشنیازی ئەوە کراوە، هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان کە 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، رادەستی بەغدا بکرێت و بەغدا خۆی بەشی هەرێمی کوردستان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بدات، بەڵام ئەو پێشنیازە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە رەت کرایەوە."
هاوکات، ئاماژەی بەوەش کرد، "وەزارەتی نەوت داوای گازی هەرێمی کوردستانیش دەکات، چونکە عێراق پێیوایە نەوت و گاز دەبێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە مامەڵەیان پێوە بکرێت."