فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانی تێسلا 13.5% دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای تێسلا رۆژی چوارشەممە دابەزینێکی بەرچاوی دیکەی لە فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانیدا راگەیاند، ئەمەش درێژکراوەی قۆناخێکی سەختە بۆ کۆمپانیاکە لەنێو کێبڕکێی بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی.
 
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا 384,122 ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە، کە بە رێژەی 13.5% کەمترە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو. 
 
دوای ئاشکراکردنی ئەم زانیارییانە، پشکەکانی کۆمپانیاکە بەرزبوونەوە، چونکە ئامارەکە لەگەڵ پێشبینیی زۆربەی شڕۆڤەکاراندا هاوتا بوو، تەنانەت باشتر بوو لە هەندێک پێشبینیی دیاری رۆژانی رابردوو.
 
ئەو ئامارانەی فرۆشتن کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرانەوە، رەنگدانەوەی سرووشتی کێبڕکێی بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایین، کە تێسلا سەردەمانێک باڵادەست بوو تێیدا، بەڵام ئێستا کۆمپانیاکانی وەک BYD و کۆمپانیا چینییەکانی دیکەی خاوەن نرخی هەرزان، هەروەها کۆمپانیا کلاسیکەکانی رۆژئاوا وەک جەنەراڵ مۆتۆرز، تۆیۆتا و ڤۆڵکسڤاگن، کێبڕکێی تێدا دەکەن.
 
بەڵام چالاکییە سیاسییەکانی مەسک بووەتە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکە ببێتە ئامانجی بایکۆت و خۆپێشاندان، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر فرۆش هەبووە. لە رۆژانی رابردووشدا، مەسک ناکۆکییەکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نوێکردووەتەوە، کە بووە هۆی دابەزینی زیاتری پشکەکانی تێسلا.
 
مەسک زیاتر لە 270 ملیۆن دۆلاری بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2024ی ترەمپ بەخشیوە و لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکاندا بانگەشەی بۆ کردووە. دوای هەڵبژاردن، سەرپەرشتیی دەستپێکردنی وەزارەتی کارامەیی حکومەت (DOGE)ـی کرد، کە دەستپێشخەرییەکی مشتومڕاوی بوو و هەزاران هەلی کاری حکومیی هەڵوەشاندەوە کە بە "بەفیڕۆدان و گەندەڵی" وەسف کرابوون.
 
مەسک لەسەر پڕۆژەیاسای سەرەکیی کۆشکی سپی بۆ باج و خەرجییەکان، لەگەڵ ترەمپ تووشی ناکۆکی بوو، کە مەسک بە بەفیڕۆدان و هەڵە وەسفی کرد. لە پۆستێکدا لە سۆشیاڵ میدیا، مەسک لایەنگرانی پڕۆژەیاساکەی بە پشتیوانیکردن لە "کۆیلایەتیی قەرز" تۆمەتبار کرد.
 
لەوەڵامدا، ترەمپ هەڕەشەی کردووە کە ئیمپراتۆریەتە بازرگانییەکەی مەسک بکاتە ئامانج و هۆشداریی داوە لە دەرکردنی مەسک کە لەدایکبووی ئەفریقای باشوورە. بەهۆی ئەم شەڕە قسەیەوە، رۆژی سێشەممە پشکەکانی تێسلا زیاتر لە 5% دابەزین و بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، پشکەکانی تێسلا 2.8% بەرزبوونەوە.