سۆمۆ: تۆمەتی بەقاچاخبردنی نەوت رەتدەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە بوونی هەر جۆرە پرۆسەیەکی تێکەڵکردن، یان بەقاچاخبردنی نەوتی خاو، یان بەرهەمەکانی نەوت لە بەندەرەکانی عێراق یان لە ئاوە هەرێمییەکانەوە دەکەن. کۆمپانیاکە دەڵێت، پرۆسەی هەناردەکردن لەژێر چاودێرییەکی تووندی نێودەوڵەتیدایە و پەیڕەوی میکانیزمێکی شەفاف و ورد دەکەن، لە ساتی بارکردنەوە تاوەکو گەیشتنی بە شوێنی مەبەست.
عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 بە میدیای فەرمی عێراقی گوت، "هیچ پرۆسەیەکی تێکەڵکردن یان بەقاچاخبردنی نەوتی خاو یان بەرهەمەکانی نەوتی عێراق بوونی نییە، نە لە بەندەرەکان و نە لە ئاوە هەرێمییەکان. سەرجەم کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە ساتی بارکردنیانەوە تاوەکو گەیشتنیان چرکە بە چرکە چاودێری دەکرێن."
سیستمی بەدواداچوونی جیهانی و چاودێریی فرەلایەنە
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ گوتی، کۆمپانیاکەی پشتی بە پرۆگرامی پێشکەوتووی جیهانیی بەدواداچوون دەبەستێ، لەوانەش پرۆگرامی کۆمپانیای (کپلەر)ی ئەمریکی کە زانیاریی ورد و دروست لەبارەی جووڵەی هەر کەشتییەکی نەوتهەڵگرەوە دابین دەکات و لە رێگەیەوە هەر وەستانێکی بێ پاساو دەستبەجێ تۆماردەکرێ، ئەوەش شەفافیەت و لێپرسینەوە لە هەر هەنگاوێکی پرۆسەی هەناردەکردن مسۆگەر دەکات.
عەلی نزار شەتری گوتی، فرۆشتنی نەوت "بەگوێرەی نرخی جیهانییە کە پشت بە بڵاوکراوە باوەڕپێکراوەکان دەبەستێ، هەروەها لە رێگەی زیادکردنی ئاشکراوە دەبێ کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان تێیدا بەشدار دەبن. پرۆسەی فرۆشتن و پارەدانیش لە رێگەی میکانیزمی بانکیی جیهانیی روون و شەفافەوە ئەنجام دەدرێ و ناکرێ بشێوێنێدرێت."
بە گوتەی شەتری، چەندین لایەن پرۆسەی چاودێریکردنی هەناردەی نەوتی عێراق لە ئەستۆدەگرن کە بریتین لە "کۆمپانیای بەندەرەکانی عێراق، کۆمپانیای کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق، کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی، ئەوە جگە لە لایەنە ئەمنییە تایبەتمەندەکان کە دەستبەجێ ئاگادار دەکرێنەوە لە هەر دۆخێکی گوماناوی یان هەر زانیارییەکی ناڕوون."
روونکردنەوە لەبارەی کەشتییە نەناسراوەکان
سەبارەت بە دەرکەوتنی هەندێک کەشتیی نەناسراو لەنێو پرۆگرامەکانی بەدواداچوون، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ گوتی، "مەرج نییە بەو واتایە بێ کە کاری قاچاخچێتی دەکەن، رەنگە سەر بە وەزارەتەکانی دیکە بن وەک پیشەسازی یان بەرگری، کاری گواستنەوەی مادەی کیمیایی یان بەرهەمی دیکە بکەن کە ناکەونە ژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای سۆمۆوە."
عەلی نزار شەتری گوتیشی، "ئەرکی ئێمەیە وەک لایەنێکی بەرپرس لە بەبازاڕکردنی نەوت، لە کاتی دەرکەوتنی کەشتیی نەناسراودا روونکردنەوە بدەین و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەین لێکۆڵینەوە بکەن. زۆربەی کات وا دەردەکەوێ کە ئەم کەشتییانە یان سەر بە لایەنی فەرمی دیکەن یان هەر بەڕاستی ناچنە نێو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی شاردنەوە لە رێگەی سیستمی کەشتیوانییەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان "تۆمارێکی تەواو و نوێکراوەی هەموو ئەو کەشتییانەی لایە کە مامەڵە بە نەوتی عێراقەوە دەکەن، بە شەفافیەتێکی بەرزەوە مامەڵە لەگەڵ لایەنە ئەمنی و چاودێرییەکان دەکەین."
ئەو قسانە لەکاتێکدان وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، تۆڕێکیان سزا داوە کە تۆمەتبارە بە فرۆشتنی نەوتی ئێران بەناوی نەوتی عێراقەوە. بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، ئەمە بەشێکە لەو هەوڵانەی بۆ وشککردنی سەرچاوەی دارایی ئێران دەیدەن.
رۆژی سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سزاکە چەند کۆمپانیا و کەشتییەک دەگرێتەوە، کە لەلایەن وەلید سامەڕایی، بازرگانی عێراقیییەوە خاوەندارێتی دەکرێن.
وەک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، وەلید سامەڕایی کە هەڵگری وڵاتینامەی سەینت کیتس و نیڤسە، نەوتی ئێرانی بەناوی نەوتی عێراقەوە بە قاچاخ فرۆشتووە.