نرخی زیو گەیشتە نزیکەی 48 دۆلار

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زیو بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و ئۆنسەیەکی گەیشتە 47.21 دۆلار. کیلۆیەکیشی بە 1518 دۆلارە.
 
ئەمڕۆ لەکاتی کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی ئۆنسەیەک زیو گەیشتبووە 47.80 دۆلار و بەرزترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکرد. 
 
بەرزبوونەوەی نرخی زیو دوای بێ بودجەبوونی حکومەتی ئەمریکا هات کە لە بەیانیی رۆژی سێشەممەوە دەستی پێکردووە.
 
داخرانی حکومەتی ئەمریکا، سەرنجی وەبەرهێنەرانی زیاتر بۆ سەر سەرمایە سەلامەتەکانی وەک زیو راکێشاوە و وایکردووە خواست لەسەری زیاد بکات.
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی ئەگەر داخستنەکە بۆ چەند رۆژێک بەردەوام بێت، کۆشکی سپی ناچار دەبێت پەنا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران ببات.
 
شارەزایان پێشبینی دەکەن، دۆخێکی لەم جۆرە هیوای کەمکردنەوەی زیاتری رێژەی سوود لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە زیادبکات، ئەوەش بە ئامانجی چارەسەرکردنی دۆخی لاوازی بازاڕی کار.
 
بەپێی راپۆرتەکان، لە مانگی ئەیلوولدا لە ئەمریکا، کەرتی تایبەت 32 هەزار کارمەندی لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا 50 هەزار کەسی نوێ دابمەزرێن. 
 
لە بواری پیشەسازیدا، زیادبوونی بەکارهێنانی پانێڵی وزەی خۆر هۆکارێک بووە بۆ زیادبوونی خواست لەسەر ئەم کانزایە. دامەزراندنی سیستمی خۆر لە چین لە مانگی ئابدا لە زیادبوونە، چونکە کەمکردنەوەی نرخی پانێڵەکان لە چین، کۆمپانیاکانی هاندا کە لە مانگی حوزەیرانەوە دەست بە دانانی زیاتری سیستمەکە بکەن.
 
لە لایەکی دیکەوە، هەناردەی پانێڵەکانی وزەی خۆر لەو وڵاتەدا بەڕێژەی 40% بەرزبوونەتەوە. 
 
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو ئەوەیە کە مەترسی لەسەر کورتهێنانی زیاتری بەرهەمی زیو و پێشبینییەکی بەهێز بۆ خواست لەسەر کانزاکە هەیە، بەتایبەتیش بۆ بەکارهێنانە پیشەسازییەکانی. 
 
پەیمانگای جیهانیی زیو پێشبینی دەکات کە بازاڕی زیو بۆ پێنجەمین ساڵی لەسەریەک کورتهێنانی هەبێت، چونکە چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمهێنانی زیو لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2025 بگاتە 744 ملیۆن ئۆنسە، کە 100 ملیۆن ئۆنسە کەمترە لە خواست لەسەری.