لە هەرێمی کوردستان نرخی زیو لە بازاڕەکانی جیهان گرانترە
رووداو دیجیتاڵ
بازرگانێکی زیو هۆشداری لە کڕینی زیو دەدات و دەڵێت، تاوەکو مانگی داهاتوو ئەگەر بکڕدرێت، بە زیاتر لە نرخە جیهانییەکەی دەبێت.
لەسەر ئاستی جیهان، ئێستا ئۆنسەیەک زیو بە زیاتر لە 47 دۆلارە. حاجی هەژار قادر، بازرگانی زێڕ و زیو دەڵێت، بە تەواوی خەرجییەکانەوە، ئۆنسەیەک زیو بە نزیکەی 49 دۆلار لەسەر کڕیار دەکەوێت.
بەڵام لە هەرێمی کوردستان، ئۆنسەیەک زیو بە 56 دۆلارە. واتە کیلۆیەک زیو لە هەرێمی کوردستان 250 دۆلار گرانترە لە جیهان.
لەدوای بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، باسی ئەم جیاوازییەی نرخەکە کرا، بەشێک لە بازرگانانی زیو پەیوەندییان بە رووداوەوە کرد و گوتیان، ئەمڕۆ بەهۆی بووڵتەنەکەوە جیاوازییەکە 70 دۆلار دابەزیوە و رەنگە تاوەکو سبەی 30 دۆلاری دیکەش دابەزێت.
بەرزبوونەوەی نرخی زیو دوای بێ بودجەبوونی حکومەتی ئەمریکا هات، کە لە بەیانیی رۆژی سێشەممەوە دەستی پێکردووە.
داخرانی حکومەتی ئەمریکا، سەرنجی وەبەرهێنەرانی زیاتر بۆ سەر سەرمایە سەلامەتەکانی وەک زیو راکێشاوە و وایکردووە خواست لەسەری زیادبکات.
ئاگاداربن، شێخی ئابووری 'زۆر توڕەیە' و دەڵێت: هەمووتان هەڵپەی بۆ دەکەن، من لەم مامەڵەیە دێمە دەرەوە. بزانن چی روویداوە pic.twitter.com/UXKY5tck5W
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 2, 2025
حاجی هەژار گوتی، "خەڵکی وڵاتەکەمان دەبێت زۆر زۆر لەوەی زیاتر وریا بێت".
ئەو بازرگانە دەڵێت، "ئەو کەسانەی چەند مانگێک پێش ئێستا زیویان کڕیوە، ئێستا قازانجیان کردووە، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت لەمەودوا بیکڕن، دەبێت وریا بن، چونکە ئێستا کارگەکانی ئیمارات زیوەکەیان بە تەواوی کڕدراوە و تاوەکو مانگی داهاتوو هیچ زیوێک نییە بیکڕن، کە سەرچاوەی سەرەکیی هاوردەی زیوە بۆ هەرێمی کوردستان".
بە گوتەی ئەو بازرگانە، بەهۆی ئەمەوە ئەگەر ئێستا بتەوێت لە ئیمارات زیو بکڕیت، دەبێت پارەی زیاتر بدەیت، ئەوەش وادەکات گرانتر بکەوێت.
کاتێک شێخی ئابووری قسەیەک دەکات کاریگەرییەکەی لە بازاڕ دەبینرێت. کاژێر 09:00 گوتی زیو گرانە مەیکڕن، دوای چەند کاژێرێک زیو دابەزی.
— Rudaw (@Rudawkurdish) October 2, 2025
شێخی ئابووریی رووداو ئاوایە و بێ رکابەرە. pic.twitter.com/OrZx2tq3Qb
حاجی هەژار قادر دەشڵێت، "لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خواست لەسەر زیو زیادبووە و زیاترە بەراورد بە شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق. بەو هۆیەش لە 10 بۆ 15 رۆژی رابردوودا، 20 تۆن زیو هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە".
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو ئەوەیە کە مەترسی لەسەر کورتهێنانی زیاتری بەرهەمی زیو و پێشبینییەکی بەهێز بۆ خواست لەسەر کانزاکە هەیە، بەتایبەتیش بۆ بەکارهێنانە پیشەسازییەکانی.
پەیمانگای جیهانیی زیو پێشبینی دەکات کە بازاڕی زیو بۆ پێنجەمین ساڵی لەسەریەک کورتهێنانی هەبێت، چونکە چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمهێنانی زیو لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2025 بگاتە 744 ملیۆن ئۆنسە، کە 100 ملیۆن ئۆنسە کەمترە لە خواستەکەی.