نرخی زێر دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێر لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا دابەزی. هۆکاری دابەزینەکەش بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دراوەکانی دیکە دەگەڕێتەوە، کە کڕینی زێر و کاڵاکانی دیکەی گران کردووە.
بازرگانانی زێر هەروەها چاویان لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە لەسەر دەستبەرداربوون لە پاڵپشتییەکانی بۆ بازاڕەکانی ئەو وڵاتە. بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەلاوسان لە ئەمریکا، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیاریداوە بەپێی پرۆسەیەک پاڵپشتییەکانی بۆ بازاڕەکانی ئەو وڵاتە کەمبکاتەوە.
بانکی ناوەندیی ئەمریکا هەروەها بڕیاری داوە لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.
رۆژی سێشەممە بەهای هەر ئۆنسەیەک زێر بە رێژەی 0.2 دابەزی و بە 1789 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ و دۆلار پێچەوانەی یەک دەگۆڕێن و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار گوشار لەسەر نرخەکانی زێر دادەنێت.
داتا ئابوورییەکانی ئەمریکا کە کۆتایی هەفتەی رابردوو بڵاوبوونەوە، ئەوە دەردەخەن کە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و نرخی کاڵا و شتوومەک بەپێچەوانەی هەڵوێستی بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت.
بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا پێیانوایە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە دیاردەیەکی کاتییە و لەبەر ئەوەش ئەگەری هەیە بەرزبوونەوەی نرخەکان کۆتایی پێبێت. بەڵام پێنوێنی خەرجیی بەکاربەر لە ئەمریکا گەیشتووەتە ئاستێک کە لە 30 ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئەمریکا رێژەی هەڵاوسان لە مانگی ئەیلوولدا لە ئاستی ساڵانەدا بەرزبووەتەوە بۆ 4.4٪ لە ئاستی مانگانەشدا بەرێژەی 0.3٪ بەرزبووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەش، جانێت یەلەن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەی بەهۆی کێشەکانی بەردەم کەرتی گواستنەوە و لۆجستیک روویداوە و دیاردەیەکی کاتییە.
پێشبینییەکان بۆ رێژەی هەڵاوسان گەورەترین کاریگەریی لەسەر بازاڕی زێڕ هەیە، بەو پێیەی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە بانکی ناوەندی ئەمریکا بەرەو ئەو ئاڕاستەیە بڕوات کە سوودی بانکی بەرزبکاتەوە. بەرزبوونەوەی سوودی بانکیش بەهای دۆلار بەرزدەکاتەوەو بەهای زێر دادەبەزێنێت.