وەرگرتنی قازانج نرخی زێڕی دابەزاند

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 4,210 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، دواتر کەمێک بەرزبووەوە و ئێستا بە 4216 دۆلارە.
 
فرۆشتنی زێڕ لە لایەن وەبەرهێنەر و بازرگانانەوە بۆ مەبەستی وەرگرتنی قازانج، هۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی نرخی زێڕ لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا.
 
دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە دێت، رۆژی دووشەممە گەیشتە بەرزترین ئاستی شەش هەفتەی رابردوو. 
 
لە هەرێمی کوردستانیش، بەپێی دوایین ئاماری سەندیکای زێڕنگران، نرخی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
 
-مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 730 هەزار دینارە
-مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 850 هەزار دینارە
-مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 890 هەزار دینارە
 
ئەمە نڕخی دوێنێیە کاتێک بازاڕە داراییەکانی جیهان داخرابوون، ئەوکاتە هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 4247 دۆلار بووە.
 
تاوەکو ئێستاش بازاڕی زێڕ لەژێر کاریگەریی پێشبینییەکانی کەمکردنەوەی رێژەی سوودە لە کۆبوونەوەی 10ـی ئەم مانگەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا. 
 
ئێستا بازرگانان بە رێژەی 88% پێشبینی دەکەن کە لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکەکە، رێژەی سوود بە بڕی 25 خاڵی بنەڕەتی (0.25%) کەمبکرێتەوە. ئەم پێشبینییانەش بەهۆی داتا لاوازەکانی ئابووریی ئەمریکا و لێدوانە نەرمەکانی بەرپرسانی بانکی ناوەندییەوە بەهێزتر بوون.
 
هاوکات داتاکانی دوێنێ دووشەممە دەریانخست، کەرتی پیشەسازیی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمدا بۆ نۆیەمین مانگی لەسەریەک پاشەکشەی کردووە، ئەمەش گوشارەکان لەسەر بانکی ناوەندی زیاد دەکات بۆ ئەوەی سیاسەتی نەختی خۆی نەرمتر بکاتەوە و رێژەی سوود کەمبکاتەوە.
 
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دوێنێ دووشەممە لە ئیڤێنتێکدا لە ئینستیتیوتی هوڤەر لە زانکۆی ستانفۆرد گوتارێکی پێشکێشکرد، بەڵام بەهیچ جۆرێک باسی لە ئابووریی ئەمریکا نەکرد.
 
هاوکات بازاڕەکان چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی داتا گرنگەکانی دیکەی ئەم هەفتەیەن، لەوانە داتای دامەزراندنی کەرتی تایبەت بۆ مانگی تشرینی دووەم و داتای خەرجییەکانی بەکاربەر یاخود هەڵاوسانی تاکەکەس بۆ مانگی ئەیلوول.