ئۆنسەیەک زیو بە نزیکەی 73 دۆلارە

رووداو دیجیتاڵ

لەکاتی داخرانی بازاڕە داراییەکانی جیهاندا، نرخی ئۆنسەیەک زیو 1.17 دۆلار، یان 1.64٪ بەرزبووەوە و بە 72.82 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەر کیلۆیەک زیویش لە بازاڕەکانی جیهان بە 2341 دۆلارە.
 
ئێوارەی دوێنێ پێش داخرانی بازاڕەکان، نرخی زیو ئاستی 74.39 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
 
لەسەر ئاستی 2025ـیش، نرخی زیو زیاتر لە 146٪ بەرزبووەتەوە. ئەو ساڵە بە بەهێزترین ساڵ لە مێژووی بازاڕی زیودا دادەنرێت.
 
چەند هۆکارێکی سەرەکی لە پشت ئەم بەرزبوونەوە خێرایەی نرخی زیو بوون لە 2025؛ گرنگترینیان ناساندنی زیوە وەک "کانزایەکی ستراتیژی و گرنگ" لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاستی خستنەڕوو و زیادبوونی خواست بۆ بەکارهێنانی لە کەرتی پیشەسازی و وەبەرهێنان دا.
 
هاوکات ئەگەری بەردەوامیی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە ئەمریکا لە ئەم ساڵدا و بەردەوامیی گرژییە جیۆسیاسییەکان، دوو هۆکاری دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زیون.
 
بەپێی کۆنووسی دوایین کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو بەڕێوەچوو، بەرپرسانی بانکەکە ئامادەیی خۆیان پێشانداوە بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی، ئەگەر بێت و ئاستی هەڵاوسان بەردەوام بێت لە دابەزین، هەرچەندە تاوەکو ئێستا لەسەر کات و رێژەی کەمکردنەوەکە هاوڕا نین.
 
لە کاتێکدا ساڵی 2026 بە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو دەستیپێکردووە، چاوی چاودێرانی بازاڕ لەسەر کۆگاکانی جیهانە کە ئاستی یەدەگی زیویان تێدا کەمبووەتەوە، ئەمەش ئەگەری بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە مانگەکانی داهاتوودا زیاتر دەکات.